پەرلەمانتارێك بۆ حكومەت: كوا مووچەی مانگی 12؟

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەت دەیەوێت هەر ساڵێك بە قەیرانێك كۆتایی پێبهێنیت و ساڵ بە ساڵ و قەیران بە قەیران بسپێرێت و دەشڵێت، “ئەگەر نرخى نەوت لە ساڵی 2023 دابەزێت حكومەتە ناساواكەی هەرێم چۆن مووچە دابیندەكات”؟

سەركۆ ئازاد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، “حكومەت چارەسەرێكی راستەقینە بۆ كۆی كێشە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان نییە و قەیرانی ئەمساڵ پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە ژیانی تاك بە تاكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بریتییە لە دابەشنەكردنی مووچەی مانگی 12 و هێشتنەوەی سەدان هەزار كارمەند‌ی مافخوراو لە بازنەی داخراوی پێویستی و هەژاریدا”.

دەشڵێت، “ئە‌گەر لە ئەمساڵدا كە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە سەروو 100 دۆلار حكومەتە ناساواكەی هەرێمی كوردستان، نەیەوێت یاخود نەتوانێت مووچە دابینبكات، ئاخۆ لە ساڵی ئایندە كە نرخی نەوت بۆ ئاستێكی مەترسیدار هەرزان دەبێت، چۆن مووچە دابیندەكات؟..چەند مووچە لە ساڵێكدا دەدات بە كارمەندەكانی؛ چوار مووچە، هەشت مووچە، یاخود زیاتر؟
راشیگەیاند، “ژمێریارێكی ئاسایی دەزانێت كە حكومەتی هەرێم لە نەبوونی دا نییە كە مووچەی مانگی 12 ی ساڵی 2022 نادات، بەڵكو نەدانی مافی مووچە بە خاوەن مافەكان، هۆكاری تایبەتی تری هەیە”.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “حكومەت تەنها لەمانگی 11ی ئەمساڵ داهاتەكەی یەك تریليۆن و چوارسەد و بیست ملیار دینار بووە، هاوكات كۆی خەرجی و پارەی مووچەش بۆ مانگی 11، تەنها پێویستی بە كەمتر لە یەك ترلیۆن دینار بووە، كەواتە حكومەت نەك كورتهێنانی نییە، بەڵكو 400 ملیار دیناریشی زیادەبووە و پارەی تەواوی لەبەردەست بووە كە مووچەی مانگی 12 بدات، بەڵام نەیداوە و وەك ئەندامی لیژنەی دارایی و لیژنەی سامانە سروشتییەكان و بەپێی بەدواداچوونەكانمان، داهات و خەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم جۆرەیە”:_
1.بە پێی داتای فەرمیی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: –
– فرۆشی نەوت لە مانگی 11 و هەناردەكردنی نەوت ڕۆژانە بریتیە لە 324 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی خاو.
-هەناردەكردنی نەوت بە بۆريی جیهان بۆ مانگی 11 كۆی گشتيی نەوتی هەناردەكراوی تۆماركراو بریتییە بووە لە نۆ ملیۆن و 732 هەزار بەرمیل نەوتی خاو.
-یەك بەرمیلی نەوتی كوردستان بە 74 دۆلار فرۆشراوە.
– كۆی گشتيی ئەم داهاتە دەكاتە 720 ملیۆن و 168 هەزار دۆلار كە بە نزیكەیی بە دینار دەكاتە یەك ترليۆن و هەشتا ملیار و دووسەد و پەنجا ملیۆن دیناری عێراقی.
2.داهاتی ناوخۆی سلێمانی 103 ملیار دینار بووە.
3.داهاتی ناوخۆی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك 210 ملیار دیناربووە.
4. 27 حەوت ملیار دینار هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابینكراوە.
5.واتە كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا بریتییە لە یەك ترلیۆن و چوار سەد و بیست ملیار دینار!!
6. لە بەرامبەر ئەم داهاتەدا، خەرجی مووچەی حكومەت بۆ مووچەخۆران بریتییە لە نۆ سەد ملیار دینار، خەرجيی سەرۆكایەتییەكان و وەزارەت و دەستەكان 120 ملیار دینارە، كەواتە كۆی گشتی خەرجيی هەرێم بۆ مانگێك بریتیيە لە تەنها یەك ترلیۆن و بیست ملیار دینار.
7. دوای دەركردنی كۆی خەرجیيەكان 400 ملیار زیادە داهاتی هەیە، كە كەس نازانێت بۆ كوێ دەبرێت، نەك تەنها ئەم چوارسەد ملیار دینارە، بەڵكو ئەگەر حكومەتی هەرێم مووچەكە نەدات، ئەوا كەس نازانێت چارەنووسی ترلیۆنێك دیناریش كە موڵك و مافی خەڵكە دەكەوێتە كام گۆمی لێڵی فێڵی سیاسییەوە.
حكومەتێك كە بەپێی ژمارە راگەیەندراوەكانی خۆی، توانای دابەشكردنی مووچەی هەبێت كە بیدات و نەیدات، پرسیاری گەورە لەسەر خۆی دروستدەكات و ئەركی ئێمەیە بە دەنگی بەرز ئەو پرسیارە لە حكومەت بكەین كە كوا مووچەكانی ئەو خەڵكە؟

پشتیوان بە خوای گەورە هەمووفشارێك دەكەین تا لە ساڵێكی پڕ داهاتی وەك 2022 دا، ڕۆژمێری حكومەتی هەرێم بۆ مووچە نەبێتە 11 مانگ.

بابەتی پێشتر

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور: عێراق و سوریا مەترسیدارترین وڵاتن بۆ رۆژنامەنووسان

بابەتی دواتر

سوودێکی نوێی ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share