پارێزگای هەولێر: دروستبوونی لافاو دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە و ناتوانین ڕێگریی لێبکەین

لە مانگی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر و شارەوانیی هەولێر هەڵمەتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەکانی ئاویان ڕاگەیاند، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو.

لەبارەی هەنگاوەکانی هەڵمەتەکەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هەڵمەتەکە ئێستا بەردەوامە چ لە ناو شاری هەولێر چ دەرەوەی شار، ئەوە بەبەردەوامیی هەیە چونکە ئاوەڕۆکان بە کۆبوونەوەی پیسی و خۆڵ و خاشاک بچووکدەبنەوە و ڕێگریی لە ڕۆیشتنی ئاو دەکەن.

ڕایگەیاند، هەنگاوێکی دیکەی هەڵەمەتەکە ڕێڕەوی ڕۆیشتنی ئاوی سروشتییە کە لە دەرەوەی شارە و ئەویش ئێستا بەردەوامە، نەیشاردەوە کە هەڵمەتەکەیان ناتوانێت دڵنیایی لە دروستنەبوونی لافاو بدات.

سەبارەت بە ئەگەری دورستبوونی لافاو لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا هێمن قادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “دروستبوونی لافاو دیاردەیەکی سروشتییە پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا لە جیهاندا، دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە و ناتوانین ڕێگریی لێبکەین”.

باسی لەوەکرد، “بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا و بوونی با لەگەڵیدا لافاو لە شاری هەولێر دروستبوو لە ساڵی ڕابردوودا، ئەوەش پەیوەندیدارە بەو گۆڕانکارییانەی ئاووهەوا کە لە جیهاندا ڕوویانداوە و دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە”.

جێگری پارێزگاری هەولێر لەبارەی بڕیاری لابردنی کاری عەرەبانە و دەستگێڕەکانی بازاڕە میلییەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو، وتی، “ئێمە پێمانخۆش نییە کاسبیی کەس ببڕین بەڵام ئەو دەستگێڕ و عەرەبانانە چ شوێنی دانانی کەلوپەلەکانیان چ پاشماوەکانیان کە فڕێیدەدەن هۆکاری کۆبوونەوەی ئاو و ڕێگریکردنە لە تێپەڕینی ئاو بۆیە لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە دانراوە و ڕێکخستنەوە بۆ ئەو بازاڕە میلییانە دەکرێت”.

زستانی ڕابردوو چەند جارێک لافاو لە شاری هەولێر دروستبوو و زیانی گیانی و مادیی زۆری بە خەڵک و هەندێک لە دامەزراوەکانی شارەکە گەیاند، پارێزگای شارەکە دواتر بڕێک هاوکاریی بۆ زیانلێکەوتووان ڕاگەیاند، هێمن قادر لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، کە ئەوەی لەبەردەستییاندا بووە وەک هاوکاری گەیاندوویانەتە زیانلێکەوتووان و پرۆسەکە کۆتاییهاتووە.

بابەتی پێشتر

وەزیری کار: بۆ 30 هەلی کار 4500 فۆڕم پڕکراونەتەوە

بابەتی دواتر

نرخی زێڕ دابەزینێکی پێوانەیی تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سنووری ئامێدی بۆردومان كرا

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری قەزای ئامێدییان بۆردومان كرد. بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا…
Total
0
Share