دوو كەس دوای ساغبوونەوەی تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیكردن بەو ماددانەوە، لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیكردن و پێبژاردنی داراییان بەسەردا سەپێندرا.
ئاسایشی گەرمیان لەو بارەیەوە دەڵێت، پاش ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان دوو كەسیان بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرد و دۆسیەکەیان خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، هەروەها پاش چەندین دانیشتنی دادگا و خستنەڕووی تەواوی بەڵگەکان و دانپیادانانی “تاوانباران بە تاوانەکانیاندا”، سەرئەنجام سزادران.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، ئ. ق. ن لە دایكبووی 1992 بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوە، لە لایەن سەرۆكایەتیی دادگای تاوانەكانی كەركوك/ گەرمیانەوە، بەپێی ماددەی (26) لە یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2020 تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵ و یەك مانگ زیندانیكردن و پێبژاردن بە بڕی (30) ملیۆن دینار سزادرا.
لەبارەی سزادراوی دووەمەوە ئاسایشی گەرمیان رایگەیاندووە، گ. ج. ح لەدایكبووی 1998 بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوە، لە لایەن دادگای كەتنی كفری-ـیەوە بە یەك ساڵ زیندانیكردن سزادرا.