هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، داوادەكات سەرۆک کۆمار یەك جێگری هەبێت و ئەویش نوری مالکی سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بێت.
جاسم محەمەد جەعفەر سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دەستووری عێراق دیارینەکردووە سەرۆک کۆمار چەند جێگری هەبێت، بەڵام بەپێی دەستوور سەرۆک کۆمار جێگرێک یان زیاتری دەبێت.
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە، سێ سەرۆكایەتییەكەی وڵات لە لایەن سێ دەستەوە بەڕێوەدەبرێن كە بۆ هەر یەكێكیان سەرۆكێك و دوو جێگر دیاریكراون، بە جۆرێك كورد، شیعە و سوننە بەشدارن لە پۆستەكاندا، بەڵام جیاواز لەوەی كە باوە، سەرکردەكەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، “لەم قۆناغەدا گرنگە سەرۆک کۆمار یەک جێگری هەبێت”.
بەپێی وتەی جاسم محەمەد جەعفەر، لە كاتی بوونی دوو جێگر بۆ سەرۆك كۆمار، دەوڵەتی یاسا جێگری یەکەمی سەرۆک دەستنیشاندەکات، ئەو کەسەش یان خوودی نوری مالکی دەبێت، یاخود كەسێك دەبێت کە ناوبراو دەستنیشانیدەکات.