موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، لەبارەی گرووپێكی شیعەوە هۆشداری دەدات بە لایەنگرانی و دەڵێت، هەر كەسێك پەیوەندییان پێوەبكات دەردەكرێت.
ژمارەیەك “خوێندكاری حەوزەی زانستی” نامەیەكیان ئاراستەی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر كردووە و داوایانكردووە هەڵوێستی خۆی لەبارەی گرووپێكەوە رابگەیەنێت كە ماوەیەكە بە ناوی “مەهدەوی”ـیەوە سەریهەڵداوە.
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، سەرۆكی رەوتی سەدر وەڵامی نامەكەی داوەتەوە و رایگەیاندووە، “هەر كەسێك پەیوەندی بەو گرووپەوە بكات، لە ریزەكانی رەوتی سەدر دەردەكرێت”.
موقتەدا سەدر لە وەڵامەكەیدا دەڵێت، “بوونی ئەو كەسانە لە نێوانماندا زۆر زیانبەخشە، چونكە ئەوانە دوژمنی یەكڕیزین و كردەوەكانیان گوماناوین و دوورنییە لایەنی گومانلێكراو پشتیوانییان بكات، بۆیە ئاگاداریانبن”.