كازمی داوای خولێكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم دەكات

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێم ئامادەیی دەربڕیووە بۆ پابەندبوون بە یاسای قەرز، مستەفا كازمیش داوادەكات خولێكی نوێی گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێم تایبەت بە موچە ئەنجامبدرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 8ی كانونی یەكەم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و بەپێی وتەبێژەكەی چەند بڕیارێك دەركراون.

حەسەن نازم، وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ڕۆشنبیری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، لەمیانەی دانیشتنەكەدا پلانێك دانرا بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە لە ڕۆژانی داهاتوودا.

وتیشی، “حكومەتی عێراق پشتیوانی سەركردەی هێزە سیاسیەكانی پێگەیشتووە دەربارەی بودجە”.

سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش وتەبێژ بەناوی حكومەتی بەغداد جەختیكردەوە لەسەر پێویستی بەئارامی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان و پاراستنی هاوڵاتییان و پارێزگاری لە دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان و ئاشكراشیكرد، “حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر پابەندبوون بە یاسای قەرز”.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆكوەزیران داوای “خولێكی نوێی گفتوگۆكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە دەربارەی موچە”.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەدا حەسن نازم وتی، حكومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا.

پەیوەندیدار: حكومەتی هەرێم پابەندیی خۆی ڕاگەیاند.. هەنگاوی دواتر چییە؟

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لە 26ی تشرینی دووەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی کرد و ئامادەیی هەرێمی بۆ پابەندبوون بە یاسای قەرز و ناردنی نەوتەوە نیشاندا”.

وەزیری دارایی وتیشی، “لە سەرجەم سەردان و گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەغداد ئامادەیی هەرێممان بۆ ڕێککەوتن نیشانداوە، هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق نامەیەکی ڕەوانەی ئێمە کردووە و داوادەکات هەرێم پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاسای قەرز، ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێم وەڵاممان داوەتەوە و ئامادەیی هەرێممان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نیشانداوە”.

بابەتی پێشتر

كێبڕكێكانی گەیشتنە كۆشكی سپی ئەمڕۆ دەگاتە پەناگەی ئارام

بابەتی دواتر

ئەمریكا تایبەت بە عێراق دڵنیایی دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share