وەزیری پلاندانان: ئەگەر دۆخی دارایی باشبیت ساڵی داهاتوو هەندێك توێژ دادەمەزرێنین

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا بتوانن کەس دابمەزرێنن، بەڵام ئەگەر لە ساڵی داهاتوو دۆخی دارایی باش بێت ھەندێک توێژ دادەمەزرێنرێن.

د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی “ئەنادۆڵ”ی توركی ڕایگەیاندووە، “پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، بەڵام بەشێکی سەرەکی کە تەواوکاری بودجەی هەرێم دەکات ئەو بەشە بودجەیە کە لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم دانراوە، ئەو پارەیەی کە پێویست بوو بهاتایە دەمانتوانی یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بكەین بۆ پەسەندكردنی”.

دەشڵێت، “لەبەر هەندێک کێشە، ئەو بەشە بودجەیە نەهات تەنها ئەوە دوو مانگە سلفەیەکمان بۆ دەنێرن ئەوەش تەنها بەشی ئەوەیکرد کە لێبڕینی مووچە نەهێڵین”.

ڕوونیشیكردووەتەوە،”یاسای بودجە لەو بڕوایەدانیم ئەمساڵ کاری لەسەر بکەین، بەڵام هیوام وایە لە ساڵی 2022 بتوانین یاسای بودجەمان هەبێت”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو حکومەت پلانی کردنەوەی دەرگای دامەزراندنی هەیە؟ وەزیری پلاندانان دەڵێت، “ڕوون و ڕاشکاوبم لەگەڵتان زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە، چونكە ئێستا بەزۆر توانیومانە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکەین کە هەیە، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی باشبێت لە ساڵی 2022 بەدڵنیایییەوە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، دامەزراندنی ئەوانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە و دامەزراندنی پزیشکان و زۆرینەی سێکتەرەکانی دیکە بۆنمونە مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ هەوڵدەدەین”.

دەربارەی ئەوەی پلانی خێرای وەزارەتەکەی چییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار؟، دارا ڕەشید جەختی لەوەكردەوە، “ئێستا ئەگەر حکومەت دۆخی داراییشی باش بێت ناتوانێت ئەو ڕیزبەستنەی لە ساڵی 2014ەوە دروست بووە دایانمەزرێنیت، بۆیە پلانی جێگرەوە ئەوەیە کەرتی تایبەت کارا بکرێت و دامەزراندن لە کەرتی تایبەت وەک کەرتی گشتی بێت، دەبێت بە یاسا وا لە خەڵک بکەین کە بەرەو کەرتی تایبەت بڕوات و هەموو ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی هەیەتی لە کەرتی تایبەتیش هەیبێت”.

ئەو وەزیرەی حكومەت ئاشكراشیدەكات، “توێژینەوە و خوێندنەوەمان کردووە، ئەگەر تا 2040 بەم میکانیزم و شێوازەی ئێستا بڕۆین دۆخمان زۆر خراپتر دەبێت، دەبێت بەو ئاراستەیە بڕۆین کەرتی تایبەت کارا بکەین بە یاساش پەیوەندی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی ڕێکبخەین”.

بابەتی پێشتر

ئایفۆن 13.. نرخ و تایبەتمەندی مۆبایلە نوێیەكەی ئەپڵ

بابەتی دواتر

داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share