لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمان دەڵێت، بارانبارین كاریگەریی گەورەی لەسەر زەوی و خاك هەبووە و رووبەرێكی فراوانی زەوی لە بە بیابانبوون رزگاربوون.
شەپۆلەكانی بارانبارینی رۆژانی رابردوو، پلانی كشتوكاڵیی حكومەتیان گۆڕیوە و یەك ملیۆن دۆنم زیاتر لەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، بە كشتوكاڵ دەچێندرێن، وەك سائر جبوری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد.
بەپێی وتەی جبوری، پێشتر پلان دانرابوو ئەمساڵ سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆر بچێندرێن، بەڵام بەهۆی شەپۆلەكانی بارانبارینی رۆژانی رابردووەوە، رووبەرەكان فراوانتر بوون و چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دەكرێن بە كشتوكاڵ كە پشت بە ئاودێری لە بیرەوە دەبەستن.
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە رووبەرێكی فراوانی زەوی لە بە بیابانبوون رزگاربوون، بە تایبەت لەسەر سنوورەكانی باشووری خۆرئاوای عێراق.