لە ساڵیادی شەهیدکردنی نەقیب محەمەد ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە سلێمانی کەسوکارەکەی رایدەگەیەنن هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی دۆسیەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە کەسوکاری نەقیب محەمەد، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی، کە پرسەی کوڕەکەی ئێمە پرسەیەکی گشتیی خەڵکی کوردستان بوو، هەمووان وەکو خێزانەکەی غەمباربوون بۆ لەدەستدانی گەنجێکی دڵسۆز و پڕ لە وزە و بوێری وەکو کاکە محەمەد، بەداخەوە ئێمە هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر و تازەمان پێنییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی رەوشی دادگاییکردنی تاوانبارانی کەیسەکە، کە جگە لە شەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیکە و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی “هەڵاتن لەدەستی یاسا”ی تێدایە”.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیاندا هاتووە، “وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیرکردنی تاوانباراندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێکی دادگا بەڕێوەنەچووە، رەنگە زۆریی کەیسەکان لە دادگا وایلێکردبین ئەم دواکەوتنەمان قبوڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دۆسیەکەدا قبوڵناکەین”.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، “بەلامانەوە گرنگە بۆ هەموان روون بێت، کە لایەنی داواکار لەسەر ئەم کەیسە تەنها ئێمە نین، بەڵکو حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی پێکەوە هەموومان وەکو یەک خاوەنی کەیسەکەین و تەنها رێگەیش بە یاسا و دادگا دەدەین کاری خۆی بکات”.
لە شەوی 4ی 12ی 2021، نەقیب محەمەد لەگەڵ چوار ئەفسەری دیکەدا لە ئەرکێکدا بوون لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی کە لە لایەن تۆمەتبارێکەوە درانە بەر دەستدڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا خۆی شەهید بوو و چوار کارمەندەکەی دیکەش برینداربوون و لە دوای رووداوەکەش تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە هەڵات، لە دوای چەند مانگێکیش توانرا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە توانرا دەستگیربکرێن.
پێشتریش هەریەکە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ داوایانکردبوو دادگا ئەو تاوانبارانە بە سزای توند بگەیەنێت.