داواکاری گشتیی ئێران سەبارەت بە پۆلیسی رەوشتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، “پۆلیسی رەوشت لەو شوێنەی دامەزراوە هەر لەوێ داخراوە”.
بەپێی میدیاکانی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزیری داواکاری گشتیی ئێران داخستنی دامەزراوەی پۆلیسی ئەخلاق (گشت ارشاد)ی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، “دامەزراوەی پۆلیسی رەوشت پەیوەندیی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و لە هەمان شوێنەوە داخراوە کە لە ڕابردوودا دامەزراوە”.
جەختیشی کردووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی کردەوە و ڕەفتارەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، ئێستا لەبەردەم هەندێک پرسی نوێداین کە پێویستمان بە یاسای نوێ هەیە.
پۆلیسی رەوشت لە ئێران کاریان چاودێریکردنی رەفتاری هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بووە لە شوێنە گشتییەکاندا و بەتایبەتیش چاودێرکردنی سەرپۆش و باڵاپۆشی لەلایەن ژنانی ئێرانەوە، سەرەڕای چاودێریکردن ئەو دامەزراوەیە لێپێچینەوەشیان لە سەرپێچیکران کردووە.