وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی عێراق دوای نرخی کارتی مۆبایل، ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەو سیمکارتانە دەکات کە بێسەرەتان، بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی “ئێستا” بڕیارە چارەسەربکرێن و نەهێڵدرێن.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە نرخی کارتی مۆبایل و کرێی ئینتەرنێت هەروەها سانسۆرکردنی بەشێک لە ماڵپەڕەکان، سەبارەت بە سیمکارتی بێسەرەتا “علوج”یش داواکاریمان پێشکەش بە وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق کردووە.
بەپێی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا دوای ئەوەی بڕیارەکان سەبارەت بە نرخی کارتی مۆبایل و کرێی ئینتەرنێت بڕیاری لەبارەوە درا، وەزارەتی پەیوەندیکردن سەرقاڵی تاوتوێکردنی پرسی سیمکارتی بێسەرەتایە، بۆئەوەی بە ڕێگەیەکی گونجاو ئەو جۆرە سیمکارتە کە بووەتە هۆی زۆر کێشە بۆ خەڵک چارەسەربکات.
باسی لەوەشکرد، پێشتر کێشە لە سیمکارتی گەشتیاریدا هەبووە، بەڵام چارەسەرکراوە بەوەی کە هەر گەشتیارێک ئەو سیمکارتەی پێدەدرێت بەپێی ماوەی گەشتەکەی سیمکارتەکەی دیاریدەکرێت و لەو ماوەیەدا کاردەکات.
کاروان یاروەیس دەڵێت، سیمکارتی بێسەرەتا دەبێت بە رێگە و میکانیزمێکی وا چارەسەر بکرێت کە شتێک بەو ناوەوە نەمێنێت و کەسێک کە دەبێتە خاوەنی سیمکارتێک بە بەڵگەنامەی تەواوەوە پێیبدرێت.
یەکێک لە کێشەکانی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە کاتێک بۆ ماوەیەک کەسێک کار بە سیمکارتێک ناکات کۆمپانیاکە ئەو ژمارە و سیمکارتە دەفرۆشێتەوە وەک سیمکارتی بێسەرەتا، بۆیە پێویستییەکی گرنگە میکانیزمی نەهێشتنی ئەو جۆرە سیمکارتانە دیاریبکرێت و بەزووترین کات چارەسەرێکی وای بۆ دابنرێت کە نەمێنێت.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق کەسێک بیەوێت ببێتە خاوەنی سیمکارتی مۆبایل دەبێت بەتەواوی بەڵگەنامەکانی تۆماربکات، بەوەش هەر کارێک بەو سیمکارتەوە بکرێت بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی خاوەنەکەیدا دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک سیمکارت هەیە کە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک و بەبێ تۆمارکردن دەفرۆشرێت بەناوی سیمکارتی “بێ سەرەتا” زۆرینەی کارە نایاساییەکانیش بەو جۆرە سیمکارتانە دەکرێت.