عەلی حەمەساڵح وێناكردنی كۆمەڵگای كوردی بە كۆمەڵگایەكی ژنكوژ رەتدەكاتەوە و دەڵێت، نە ژنکوژی كەلتوورە و نە ئێمەش بەربەرین.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ژنکوژی، کردەیەکی قێزەونی هەڵەیە و هیچ بیانوویەکی بۆ نیە، بەڵام ژنکوژی نەبووەتە كەلتوور، کۆمەڵگەی کوردیش کۆمەڵگەیەکی ژنکوژ نیە.
دەشڵێت، رۆژانە دەیان چالاک و سیاسی دێن؛ وێنای کۆمەڵگای کوردی دەکەن وەک کۆمەڵگای ژنکوژ. دەبێت بە ئاماری ورد بڵێین، ساڵانە چەند ژن دەکوژرێ! دەڵێن سەدان! هەرگیز سەدان نەکوژراوە.
عەلی حەمەساڵح روونیشیدەكاتەوە، “لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگایەکی گەورەی وەک سلێمانی چوار ژن کوژراوە، لە گەرمیان هیچ ژنێک نەکوژراوە”. دەپرسێت، ئایا لە کام شاری گەورەی رۆژئاوا ئەوە روونادات؟.
دووپاتیشیدەكاتەوە، چەندین قەزا، ناحیە و گوندی کوردستان هەن بە درێژایی ساڵانی رابردوو ژنیان تێدا نەکوژراوە. کە لەنێو هەناوی دابونەریتی كۆمەڵگای کوردین، ئیدی ژنکوژی بۆچی بووە بە کەلتوور؟
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەشدەكات، دەکرێت کاربکەین ئەو حاڵەتە خراپانەی کوشتن و توندوتیژی نەهێڵین. ئەمەش بە دیراسەیەکی جدی و عەقڵانی دوور لە بڕیاری پێشوەخت و یاسا سەروەری دەبێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دۆخی خێزان و پێکەوەژیان لە کوردستانی ئێمە بەراورد بە رۆژئاوا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا زۆر زۆر باشترە. ئەگەر دۆخی بژێویی ژیانی خێزان لە سایەی سیستمێکی حوکمڕانیدا باش بکرێت، ژنکوژی و کێشەکانی خێزان زۆر کەمتریش دەبن.