وردەکاری کۆبوونەوەی لوتکە لە بەغداد بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی تەنها دەستکەوت نییە بۆ یەکێتیی بەڵكو دەستکەوتە بۆ هەرێمی کوردستان.

کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە، لە ئێستادا ئەو دوو وەزارەتەی کابینەکە کە پڕنەکرابوونەوە یەکلاونەتەوە و چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان ئەوانیش یەکلایی بکرێنەوە”.

باسی لەوەشکرد، “ئەم کابینەیەی حکومەت کە لەسەر رێکەوتنی لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دروستکراوە، تەنها لە تەواوکردنی کابینەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو چەند خاڵێکی ناو رێکەوتنەکە ماوە کە دەبێت جێبەجێبکرێن”.

یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم حکومەتە تەنها سودانی لێی بەرپرس نییە، سەرکەوتنی، سەرکەوتنی هەموو لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە، پێویستە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێداچوونەوە بەو کارانەیدا بکرێت کە لە رابردوودا کراون، هاوکات بڕیاریش لە هەنگاوەکانی داهاتوو بدرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، “کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ماڵی مام لە خۆوە نەهاتووەتە ئاراوە، ماوەی هەفتەیەکە کاک بافڵ دوو جار سەردانی بەغدادی کردووە، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، کە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی لێکەوتەوە”.

وتیشی، “کۆبوونەوەکەی ئەمشەو تەنها دەستکەوت نییە بۆ یەکێتی بەڵكو دەستکەوتە بۆ هەرێمی کوردستان”.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیکردەوە، “کۆبوونەوەکەی ئەمشەو زۆر گرنگە لەزۆر رووەوە، لە مەسەلەی سنوورەکانی  هەرێم، بودجەی عێراق بە دڵنیاییەوە ئەنجامێکی گرنگی دەبێت”.

بابەتی پێشتر

ئایا نەخشەی گەنجینەکانی ئەفغانستان کەوتووەتە دەست تاڵیبان؟

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: ژنكوژی لە كۆمەڵگای كوردی نەبووەتە كەلتوور

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share