كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی مام لە بەغداد بەڕێوەدەچێت

بە میوانداریی سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوەی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماڵی مام لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەن.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چوار ئاست و پرسی گرنگی سیاسی، لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن ئەوانیش، (تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێ و پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان، یاسای ھەڵبژاردن، لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە سنووری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران).

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە، لە ئێستادا ئەو دوو وەزارەتەی کابینەکە کە پڕنەکرابوونەوە یەکلاونەتەوە و چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان ئەوانیش یەکلایی بکرێنەوە”.

باسی لەوەشکرد، “ئەم کابینەیەی حکومەت کە لەسەر رێکەوتنی لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دروستکراوە، تەنها لە تەواوکردنی کابینەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو چەند خاڵێکی ناو رێکەوتنەکە ماوە کە دەبێت جێبەجێبکرێن”.

“ئەم حکومەتە تەنها سودانی لێی بەرپرس نییە، سەرکەوتنی، سەرکەوتنی هەموو لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە، پێویستە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێداچوونەوە بەو کارانەیدا بکرێت کە لە رابردوودا کراون، هاوکات بڕیاریش لە هەنگاوەکانی داهاتوو بدرێت” یاروەیس وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، “کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ماڵی مام لە خۆوە نەهاتووەتە ئاراوە، ماوەی هەفتەیەکە کاک بافڵ دوو جار سەردانی بەغدادی کردووە، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، کە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی لێکەوتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “کۆبوونەوەکەی ئەمشەو تەنها دەستکەوت نییە بۆ یەکێتی بەڵكو دەستکەوتە بۆ هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمەساڵح: ژنكوژی لە كۆمەڵگای كوردی نەبووەتە كەلتوور

بابەتی دواتر

هەڵوێستی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share