یەکگرتووی ئیسلامی: بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان دەکەین

لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی لایەنەکان لە دوکان ئەنجامدەدرێت.

تا ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم لایەنەکانی دیکە ڕایانگەیاندووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە مستەفا عەبدوڵا کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات و بانگهێشتەکەی یەکێتی بۆ کەسی یەکەمی لایەنەکانە بۆیە مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین وەک کەسی یەکەم بەشداری دەکات”.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە مستەفا عەبدوڵا وتی، “پێمانوایە کاک بافڵ وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕا و سەرنجەکانی حزبەکەی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان تاوەکو بۆچوون و پێشنیازەکانی لەوانیشەوە وەربگرێت”.

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو بەدرووی زانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان بدرێت و ئاماژەی بەوەکرد، “پێموایە کۆبوونەوەکە بۆ گۆڕینەوەی ڕا و پێشنیازەکانە”.

پێشتر سالار سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی راگەیاند، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبەكەی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

میدیای فەرمیی یەكێتی لەزاری سالار سەرحەد وتیشی، “تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، یەكێتی دەیەوێت كۆدەنگی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و لەسەر بەرژەوەندی گشتی”.

بانگێشتكردنەكە كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی گرتووەتەوە بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی كورسی و، لەسەر بنەمای یەكدەنگیی هاوبەش بۆ پرسە نیشتمانییەكان، وەك ئەوەی لێپرسراوەكەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، كۆبوونەوەكە “لەسەر بنەمای خەمخۆرییە بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەكان، ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە كە هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستی پێیەتی و هەمان ئەو سیاسەتەیە كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەی بۆ داناوە”.

بابەتی پێشتر

بڕەكەی چەندە؟.. ئیمارات بە بەرزكردنەوەی مووچە دەنگدانەوە دروستدەكات

بابەتی دواتر

کەشناسی: بەفر و باران دەبارێت و پلەکانی گەرما حەوت پلە نزمدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share