بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاوڵاتیی پلەدوو سەیربکرێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە ماڵی مام لە بەغداد کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی کرا و پشتیوانیی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت جەختیلێکرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، باسی لە گرنگی و پێویستیی یەکدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ‌حکومەتی نوێ و وتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

ئەزموونی حوکمڕانی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ راشکاوانەوە هەڵوێستی یەکێتی و خراپی دۆخی هاوڵاتییانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە دەکات، بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاوڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاوڵاتی پلەدوو سەیربکرێت، گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر و وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت. بەداخەوە حکومەت بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە ناتەندروستە ناکاتەوە و ئەم پەیامەشمان بە هەموو نێردە سیاسییەکان و حزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە. سەرباری ئەوانەش ئێمە داوامانکردووە هەر رێکارێکی یاسایی یاخود سیستمێکی جیهانی کە هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی دادگەرانە، لێرە جێبەجێبکرێت تاوەکو هەموو هاوڵاتییانی هەرێم سوودمەندبن.

بابەتی پێشتر

گوندێك بۆ فرۆشتن دەخرێتەڕوو

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) هۆڵه‌ندا به‌ بردنه‌وه‌ له‌ سه‌نیگال ده‌ستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share