ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوادەکات حکومەت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2023 رەوانەی پەرلەمان بکات، ئاماژەی بەوەکردووە، بڕی بودجە دەگاتە 130 ملیار دۆلار و ڕێژەی کورتهێنان کەمترە لە 25%.
ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەکە ڕایگەیاندووە، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی دەبێت یاسای بودجە لە نیوەی مانگی تشرینی یەکەمدا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی دەتوانن گۆڕانکارییەکانیان لە یاساکەدا بکەن و لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا پەسەندبکرێت.
جەختیشیکردەوە، بەدواداچوونەکانی وەزارەتی دارایی بۆ یاسای بودجە کۆتاییهاتووە بەڵام تا ئێستا ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران نەکراوە، کە ئەوانیش ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەن بۆ دەنگدان لەسەری.
باسی لەوەکردووە، ئێستا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەنێوان 85 بۆ 87 دۆلاردایە، بەڵام نرخی دیاریکراو لە یاسای بودجەدا نازانین، دیارکردنی نرخی بەرمیلێک نەوتیش پشت بە نرخەکانی پێشوو دەبەستێت لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوە و دابەزینی نەرخەکەی لە جیهاندا.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لە ماوەی 15 ڕۆژدا یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و ئەویش ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەکات، ئەگەری هەیە یاساکە لە کانونی دووەمی ساڵی 2023دا پەسەند بکرێت.
ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینیی دەکان کورتهێنانی بودجە کەمتربێت لە 25%.