تەغرید عەزاوی رۆژنامەنووسێكی عێراقییە و ماوەی دوو مانگە لە بەغداد لە زینداندایە، كەیسەكەش پەیوەندیی بە ناكۆكیی نێوان ناوبراو و كاربەدەستێكی باڵای دەوڵەتەوە هەیە.
پێشتر تەغرید سكاڵای تۆماركردبوو دژ بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داوای لە دادگا كردبوو شایستەی دارایی دوو ساڵ كاركردنی لە دامەزراوەكە بۆ بگەڕێندرێتەوە.
لە دووەم دانیشتنی دادگاییكردنەكەدا كە مانگی ئەیلولی رابردوو لە دادگای كەرخ لە بەغداد بەڕێوەچووە، دوای بێهیوابوونی لە پرۆسەی دادگاییكردنەكە، تەغرید عەزاوی وەك خۆی رایگەیاندووە بە دادوەری وتووە، “ستەمت لێكردم”.
بەپێی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا كچە رۆژنامەنووسەكە لە گرتووخانەی سەیدییە لە بەغداد بەندكراوە و هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ مشتومڕی لەگەڵ دادوەردا.