بانکی نێودەوڵەتی: لەدوای 2003، گەشەی ئابوریی عێراق لەمساڵدا خراپترین ئاستبووە

وائیل مەنسوڕ، شارەزا لە بانکی نێودەوڵەتی، وردەکاریی گرنگ لەبارەی ئابوریی عێراقەوە دەخاتەڕوو، دەڵێت، لەدوای ساڵی 2003وە عێراق لە ساڵی ڕابردوودا خراپترین گەشەی لە بەرهەمی ناوخۆدا تۆمارکردووە.
گەشەی ئابوری و بەرهەمە نیشتمانییەکانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا نەرێنی بووە، بەجۆرێک لەدوای ساڵی 2003وە ئەوە یەکەم جارە بەو ئاستە دابەزێت، هۆکارەکەشی بۆ کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس دەگەڕێتەوە.

دابەزینی ئاستی داهاتە ناوخۆییەکان لە عێراقدا، وایکردووە حکومەت ڕێکاری سەخت بگرێتەبەر تاوەکو کەمترین کاریگەریی هەبێت، لەوانەش کەمکردنەوەی سەرجەم خەرجییەکان، بەدەر لە موچە.

ئەو شارەزایەی بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەرهەمی نیشتمانی لە عێراقدا ساڵی ڕابردوو %10 بووە، ئەمش خراپترین ئاستە لەماوەی زیاتر لە 15 ساڵدا و کاریگەریی هەبووە لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و پاڵپشتییە داراییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم ئەو بەرنامانەی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری دانرابوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی نێودەوڵەتی گرنگیی تەواو دەدات بە گەشەی ئابوریی ناوخۆیی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات لەدەرەوەی کەرتی نەوت، جەخت لە پێویستیی بەشداریکردنی ژنان لە کار و بازرگانیدا دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا ئەو لایەنە لە عێراقدا لەنزمترین ئاستدایە لە جیهاندا، ڕێژەی کارکردنی ژنان لە عێراقدا 2.5%ە.

نمونەیەكی بچووك كە ئەو شارەزایە ئاماژەی پێكردووە، ئەوەیە، تەنها ساڵی ڕابردوو بەبڕی 2.5 ملیار دۆلار زیان بە ئابوریی عێراق گەیشتووە بەهۆی سوتانی گاز لە کێڵگە نەوتییەکاندا بەبێ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێت.

شارەزاكەی بانکی نێودەوڵەتی پێشی وایە، چارەسەری کێشە ئابورییەکانی عێراق پێویستیی بە بەرنامە و پلانێکی فراوان هەیە، چارەسەرەکان ئاسان نابن، لەگەڵ ئەوەشدا بانکی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە بڕیاری حکومەتی ئێستای عێراق بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەناوی (لاپەڕەی سپی) ، بەڵام چارەسەری کێشەکانی ئابوریی عێراق چارەسەری لە پڕ و خێرا نابن و پێویستییان بە کاتێکی زۆرە.

بابەتی پێشتر

لە بریانییەوە تا ملیۆنان دۆلار.. وڵاتان هانی هاوڵاتییانیان دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین

بابەتی دواتر

زنجیرەیەکی نوێی کۆرۆنا لە ڤێتنام سەریهەڵدا، مەترسیدارترە لەوانەی پێشوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share