سەرۆكی یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق و ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون كۆبووەوە و بەرنامەی حكومەتی نوێی عێراق، سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر تاوتوێكرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیکرد لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیون.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی وڵات، بەرنامەی حكومەتی نوێی عێراق، سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر كرا و جەخت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری حكومەت كرایەوە و داواكرا لە چێوەی یاسا و دەستووردا ئەركەكانی رابپەڕێنێت و بەیەك چاو سەیری هەموولایەك بكات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ سەرخستنی بەرنامەی حکومەتی نوێ دووپاتكردەوە و رایگەیاند، دەمانەوێت ئەم کابینەیە لە ئاست چاوەڕوانییەکان و خواستی ھەموولایەک بێت. خزمەتکردن، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سەقامگیری لە پێشینەی كارەكانی بێت، بۆ ئەو ئامانجەش پێویستە هەموولایەنەكان هاوكار و یارمەتیدەربن.