گەرمیان.. لە 4/14دا تەنها تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی ئەنفالكراوان دادەنرێت

هەرچەندە ساڵانە لە 4/14دا بە چەند چالاكییەكی فراوان و گەورە یادی ئەنفال دەكرایەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە تەنها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالكراوان دادەنرێت.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی گەرمیان ئامادەكاری بۆ دانانی تاجەگوڵینە كردووە، كە پێشنیازەكە بەوجۆرەیە تەنها ئەو چالاكییە بەڕێوەبچێت.

4/14 ڕۆژی یادكردنەوەی ئەنفال

كەسوكاری ئەنفالكراوان بوون بە دوو بەشەوە، بەشێكیان ئەوانەن كە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ڕۆڵەكانیان تا ئێستا، بەشێكی دیكەشیان ئەوانەن كە ڕۆوفاتی ئەنفالكراوانیان بۆ گەڕێندراوەتەوە و لە مەزارگەكانی ئەنفال نێژراون.

تەحسین حەمید، ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەهۆی كۆرۆناوە تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ بەرێوەچوونی مەراسیمی گەورە، تەنها ڕەنگە بەرپرسان تاجەگوڵینە دانێن”.

ئەو ڕزگاربووەی ئەنفال ئاماژەی بەوەشكرد، “هەر لەو ڕۆژەدا بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەچنە مەزاری ئەنفال و شین و گریان و دەردەدڵی خۆیان دەكەن، هەندێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانیش بەهۆی ئەوەی 32 ساڵە چاوەڕوانی ڕوفاتی ڕۆڵەكانییەتی ڕەنگە نەیاتە مەزارەكە”.

ئامادەكارییەكانی شەهیدانی گەرمیان بۆ 14/4 چین؟

جەبار عومەر، بەڕێوبەری گشتیی شەهیدانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ڕاستیدا بەهۆی كۆرۆنا و بارودۆخی تەندروستییەوە ئێمە پێشنیازی ئەوەمان كرد تەنها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفال دابنرێت، ئەو پێشنیازەمان قبوڵ كراوە و مەراسیمی گەورە بەڕێوەناچێت”.

بەڕێوبەری گشتیی شەهیدانی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر كەسوكاری ئەنفالكراوانیش خۆیان بیانەوێت بێنە ئەو شوێنە، ئەوا ئێمە وێڕای هۆشیاركردنەوەیان هەموو بابەتێكی خۆپارێزی لە كۆرۆنا ئامادە دەكەین بۆیان”.

سەبارەت بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا لە گەرمیان لەو ڕۆژەدا، جەبار عومەر ئەوەی خستەڕوو، “لە ڕاستیدا دیار نییە، چونكە بارودۆخی تەندروستیی چەند ڕۆژی داهاتوو ئەوە یەكلا دەكاتەوە كێ دێت و چۆن دەبێت”.

هەرچەندە شاڵاوی ئەنفال بە چەند قۆناغێك دژ بە كورد ئەنجامدرا، بەڵام ساڵانە 14ی نیسان وەك ڕۆژی یادكردنەوەی ئەو تاوانە دژ بە كورد دیاری كراوە، بەڵام بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ساڵی ڕابردوو مەراسیمی گەورە بۆ ئەو پرسە ساز نەكرا و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە دەبێت.

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن ژمارەی پارتە داواكار و مۆڵەتپێدراوەكان بۆ هەڵبژاردن ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ بەدوورنازانێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share