بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری گوندی چیمەن لە پارێزگای کەرکوک لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعشدا چوار کەس کوژران کە سەربازن لە سوپای عێراق.
عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “تەرمی چوار سەربازی سوپای عێراق له لیوای 31ی سەر بە فیرقەی هەشت لە نزیک بازگەی چیمەن بە کوژراوی دۆزراونەتەوە”.
وتیشی، “بەپێی زانیارییەکان سەربازەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرشکراوەتە سەریان و کوژراون”.
هاوکات دوای هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەو چوار سەربازە فەریق روکن عەلی فرێجی، فەرماندەی بارەگای کەرکوکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گەیشتە شوێنەکە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی هێرشکارەکان دەستیپێکرد.