پەرلەمانتارێك: ناكرێت وەزیر بەبێ ڕوونكردنەوە پۆستەكەی جێبهێڵێت

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، وەزیر بە دەنگی پەرلەمانتاران پۆستەكانیان وەردەگرن، ناكرێت بەبێ ڕوونکردنەوە و هۆکاری وازهێنان، پۆستەکانیان جێبهێڵن.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە دەنگۆی نەگەڕانەوەی وەزیری دارایی بووە بە هەواڵ، بەڵام نەخۆی و نە حزبەکەی هۆکارەکەی ڕاناگەیەنن.

“لە کابینەی پێشووش وەزیری کارەبا کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامی بوو ڕۆیشت و نەگەڕایەوە بەبێ دەنگی و ڕاگەیاندنی هۆکارەکەی” عەباس فەتاح ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، وەزیرەكان بە دەنگی پەرلەمانتاران پۆستەكانیان وەردەگرن بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، ناکرێت بەبێ ڕوونکردنەوە و هۆکاری وازهێنان بۆ ڕای گشتی، پۆستەکانیان جێبهێڵن.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پرسیاری ئەوەش دەكات، “حیزبەکان بە گرێبەست و مەرج لەم حکومەتەن، یان شەراکەت و هاوبەشی لە بەڕێوەبردن؟”.

دوێنێ زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییەكانم ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان ئیتر ناگەرێتەوە بۆ دەوام دەبێت كەسێكی دیكە پۆستی وەزارەتی دارایی بەرێوەبەرێت.

”بەپێی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و پارتی پۆستەكە پشكی گۆڕانە و دەبێت كەسێكی دیكەی گۆڕان ئەو پۆستە وەربگرێت و نازانرێت كە ئاخۆ پارتی ڕازی دەبێت گۆڕان كەسێكی دیكە بخاتە شوێنی ئاوات شێخ جەناب، یاخود هەر بە وەكالەت بەرێوەدەبرێت” زیاد جەبار وای وت.

بابەتی پێشتر

لە مانگی ڕەمەزاندا.. چەند هەڵەیەک کە کۆئەندامی هەرس وێراندەکەن

بابەتی دواتر

دامەزرێنەری تویتەر پەشیمانی دەردەبڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share