“حزبەكەت نایەوێت دۆخی دارایی خەڵك باشبێت”
دوو پسپۆر وەڵامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەدەنەوە

دوو پسپۆڕی بواری گرێبەستی نەوت و غاز لە وەڵامی وتەبێژی پارتیدا رایدەگەیەنن، حزبەكەت “نایەویت دۆخی دارایی خەڵك باش بێت” و دەڵێن، غاز كارتێكی بەهێزە بەدەستی یەكێتی-ەوە.

رێبوار محەمەد و بەهجەت عەلی پسپۆڕانی بواری گرێبەستی نەوت و گاز لە وەڵامی پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتیدا دەڵێن، لە سێكتەری نەوت و گازی هەرێم هێندە نازانستیانە نووسیویەتی، نەیزانیوە جیاوازی لەنێوان غازی LPG بۆ ماڵان و غازی LNG بكات.

دەشڵێن، “نەوتی كێڵگەكانی فیشخابور و تاوگی نەوتێكی قورسی ترشە كە ئەگەر بەو شێوەیە بخرێتە بازارە جیھانییەكان بەرمیلی نەوتی ناگاتە 50 دۆلار كە گەورەترین كێلگەی نەوتی دھۆكە”.

دەقی وەڵامی دوو پسپۆڕەكە:

بەڕێز پێشەوا هەورامی وەڵامی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی داوەتەوە و كەوتۆتە ژمارەیەك هەڵەوە كە بەم شێوەیەیە:

لە سێكتەری نەوت و گازی هەرێم هێندە نازانستیانە نووسیویەتی و نەیزانیوە جیاوازی لەنێوان غازی LPG بۆ ماڵان و غازی LNG بكات، ئەم راستكردنەوانەی بۆ دەكەین هیوادارین بۆ وەڵامەكانی داهاتووی سوودی هەبێت:

یەكەم: دەڵێت هەرێم ڕۆژانە لە سەر و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و باسی ئەو ڕێژەی نەكردووە كە لەسەرووی 400 هەزارەكەوەیە و ئەمە راستییەكەیەتی:
بەپێی سەرچاوەیەكی عیراقی كە لەسەر عەدادەكانی هەناردەكردنی نەوتی خاوە دەڵێت لە 1/1/2022 تا 6/11/2022 رۆژانە بەتێكڕا 415 هەزار بەرمیل هەناردەكراوە كە رۆژی واهەبووە تا 450 هەزار رۆشتووە. هەروەها حكومەتی هەرێم ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی لاناز و 160 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی كار دابین دەكات كەواتە هەرێم ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل بەرهەم دێنی و بەڵگەمان لایە بە دۆكۆمێنت كەتەنها كێڵگەی خۆرمەڵە 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنت بەبێ ئەوەی یەك دۆلار كولفەوقازانجی كۆمپانیای بیانی تێدابێت.

جیاوازی ئێمەو كاك پێشەوا 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.

دووەم: دەڵێت نەوتی خاوی سلێمانی 29 هەزار بەرمیلە ئەوەی ئێمە دەزانین 37 هەزار بەرمیلە.

بە بەڵگەوە بەكاك پێشەوا دەڵێین كە بیرەنەوتەكانی سنووری زۆنی سەوز بەبەرنامە وێران دەكرێت و زیاد لەتوانی خۆیان نەوتیا دوور لە رێكاری زانستی لێدەردەكرێت ئاوی تێدەچێت ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕێكاری زانستی بۆناگرنبەر بۆچارەسەری ئاوەكە و زیاد لەتوانای بیرەكە نەوت دەردەكرێت بۆ نموونە: شیواشۆك كە هێندە ئەی پی ئەیەكی بەرزە و دەكاتە 46 و شیرینە بە شەمپانی رەش ناسراوە و رۆژانە 135 هەزار بەرمیلی لێبەرهەم دەهات بەڵام، دابەزیوە بۆ نزیكەی پێنج هەزار ئەمە، بەرێزیان بیریان چووە كە كێلگەی نەوتی تەقتەق لە سنووری زۆنی سەوزە نەوتەكەی لە نەوتی برێنت باشترە كە API دەگاتە 46 بەڵام لە نووسینەكەی ھێندە شپرزە بووە ئەم كێلگەیەی بیرچووە ئەمە جگە لەبیرەكانی گەرمیان كەهەمان چارەنووسی شیواشۆكیان هەیە.

نەوتی كێلگەی چیاسورخی بیرچووە كە ئەم كێلگەیەش سەرەرای نەوت غازیشی ھەیە رۆانە 2500 بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنیت و نەوتێكی سووكی شیرینە.

– نەوتی كێلگەكانی فیشخابور و تاوگی نەوتێكی قورسی ترشە كە ئەگەر بەو شێوەیە بخرێتە بازارە جیھانییەكان بەرمیلی نەوتی ناگاتە 50 دۆلار كە گەورەترین كێلگەی نەوتی دھۆكە.

سێیەم: باسی وەبەرهێنان دەكات لە سیانزە كەرتەكەی تری ئابوری ئەگەر گرنگی بەكشتوكاڵ و پێشەسازی دراوە ئەی بۆ سەرچاوەی داهاتی سەرەكی نەوتە لە كوردستان بێزەحمەت وەبەرهێنان لەوبوارانەی بەڕێزیان باسی دەكەن چەند لەسەدی داهاتی هەرێم پڕدەكاتەوە.

چوارەم: بەگاڵتە ئامێزەوە باسی مەچەك و هەڕەشەو دوو ئیدارەیی و گرتنەوەی غاز دەكات.

راستیەكەی ئەوەیە ئێستا دوو ئیدارەییە ناهاوسەنگییەكی بێ وێنەی ئابوری لەهەموو كەرتەكان هەیە هەربۆ نموونە: لە شەش مانگی رابردوو لەكۆی 26 ملیار دینار بۆ سێكتەری ئاو دابینكراوە تەنها چوارملیار و 420 ملیۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان تەرخان كراوە و پارێزگای هەڵەبجەیش سفر.

دەربارەی بەكارهێنانی كارتی گاز:
گاز كارتێكی بەهێزە بەدەستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوەیە و لە كۆی هەشت كێڵگەی گازی عیراق دوو كێڵەگە لە هەرێمی كوردستانە و لە سنووری زۆنی سەوزە.
بەدڵنیاییەوە پێت دەڵێم هەركات سەرۆك بافڵ تاڵەبانی مەچەكی راوەشاند كار لەكار دەترازێت وەك ئەو رۆژەی ڕایوەشاند و وتی: “مەگەر غاز بەسەر لاشەی مندا هەناردەی ئەوروپا بكرێت” و دوای بەرزكردنەوەی مەچەكەكەی ئەو دۆسێیە داخرا.

لە ساڵی 2008ەوە تا ئێستا كێڵگەی غازی كۆرمۆر غازی ماڵان بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستان دابین دەكات ئەگەر سیاسەتی ھەڵەی حكومەتی ھەرێم نەبوایە لەگەل كۆمپانیای دانا غاز ئێستا كێلگە زۆر گەورەتر بوو و بەرھەمی زۆر زیاتر بوو ھەر بۆیە داناغاز داواكەی لە حكومەتی ھەرێم بردەوە و دوو ملیار دۆلار زیان بە ھەرێم گەیشت.

ھەر بۆ زانیاری بەڕێزتان كە دڵنیاین شارەزایت نییە كێلگەی غازی بنەباوی غازەكەی ترشە واتە رێژەی گۆگردی بەرزە ئەگەر بە ھەمان شێوەی گرێبەستەكانی تر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ھێندە تێچووی زۆر دەبێت پێویستە حكومەتی ھەرێم مانگانە لە بودجەی گشتی بڕێك پارە بدات بە گەنەل ئینەرجی.

بەردەوام دەبێت و دەڵێت ئەو غازە مووڵكی هیچ حزبێك نییە ئەی بەڕێزتان بۆ دەڵێن زۆنی ئەولا هەمووشتێكی لەبارەی وزە تەواو پێویستی بەم لانییە و وەك موڵكی لایەك باسی دەكەیت و هەروایشە چونكە جیاوازییەكە لەنێوان هەردوو زۆنەكە ئاسمان و رێسمانە.

حكومەتی عیراق پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە دۆسییەی ھەرێم تەنھا داوای 250 ھەزار بەرمیل نەوتی دەكرد و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بە حیكمەت و شارەزایی خۆی تەواوی بودجە و بەشە سوتەمەنی ھەرێمی گێڕایەوە لە ساڵی 2021 بەڵام ئەوە ویستی حزبەكەی بەڕێزت بوو كە ئەو رێكەوتنە جێبەجی نەكرێت و دۆخی دارایی خەڵك باش نەبێت.

كاك پێشەوا بەڕێزتان دەكرێت پێمان بڵێیت نەوتی خاوی ھەردوو پاڵاوگەی لاناز و كار لە كوێ دابیندەكەن؟؟ ئایا ئەویش ھەر لە ئازرباینجان و ئێرانەوە ھاوردە دەكەن؟ یان ئەو نەوتەی ھاڤانا و خۆرمەڵە و عەین سفنی و عەین زالەیە؟ كە ناخرێتە بەردەستی حكومەتی ھەرێم.

لە كۆتایدا داواكارین وردەكاری باش بكەیت لە وەڵام دانەوەكانت و مێژووی نەوت لە هەرێم بخوێنیتەوە كە باوكی رۆحی وزە رەوانشاد سەرۆك مام جەلال كاتێك هەوڵەكانی لەبواری نەوت دەست پێكرد بەگاڵتەوە خەیاڵ پڵاوییەوە تانەوتەشەرتان لە یەكێتی دەدا و نوكتەكانتان لەمێشكی هەموو خەڵكدا ماوە.

18-11-2022

بابەتی پێشتر

شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین عێراق دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

کەرکوک.. لە هێرشێکی داعشدا چوار سەربازی سوپای عێراق کوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share