كاروان گەزنەیی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، “حکومەت خەڵک دەکوژێت، کوشتن بە فیشەک بێت یان نەبوونی دەرمان یانیش بەهۆی خراپیی رێگەوبانەوە بێت هەر کوشتنە”.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، كاروان گەزنەیی رەخنەی لە نەبوونی دەرمانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان گرت و وتی، “ئەو پارەیەی بۆ دابینكردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا پێویستە، ساڵانە 40 ملیار دینارە كە دەكاتە 0.3%ی كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان”.
ئەو پەرلەمانتارە بەراوردكارییەك لە نێوان خەرجیی پێویست بۆ دابینكردنی دەرمانی چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە و داهاتی یەك كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و جەختدەكاتەوە، “تەنها كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە مانگێكدا 410 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە و كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا 670 ملیۆن دۆلارە”.
كاروان گەزنەیی، حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتباردەكات بەوەی وەك خۆی دەڵێت “بە كەمتەرخەمی خەڵك دەكوژێت” و روونیكردەوە، “کوشتن بە فیشەک بێت یان نەبوونی دەرمان یانیش بەهۆی خراپیی رێگەوبانەوە بێت هەر کوشتنە”.