کارەبای ناو بازاڕی سلێمانی دەکرێتە پریپەید

وتەبێژی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، کارەبای چوار فیدەری ناو بازاڕی سلێمانی دەکرێتە پریپەید و لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی کارکردنن تێیدا.

سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە دوای ئەوەی کارەبای چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کرایە پریپەید، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ئێستادا سەقاڵی دانانی سیستەمەکەیە بۆ چوار فیدەری ناو بازاڕی سلێمانی”.

باسی لەوەش کرد، ” پرۆژەکە لە فولکەی دەستەکەوە دەستپێدەکات بۆ نەخۆشخانەی عەلی کەمال، لەوێوە دێتە خوارەوە بۆ فولکەی خانەقا دواتر بۆ فولکەی مامەڕیشە و لەوێشەوە دێتەوە سەرەوە دیسانەوە بۆ فولکەی دەستەکە”.

ئاماژەی بەوە کرد، “لەم چوار فیدەرە نزیکەی لە هەشت هەزار دوکانی لەسەرە، لە ئێستادا زیاتر لە 10 تیممان لە ناوبازاڕن و کاری تێدا دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا تەواوی بکەن و ئەو دوکانانە ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری”.
باسی لەوەش کرد، “بە پریپەیدکردنی کارەبای ئەو شوێنانە ئۆتۆماتیکی لۆدی سەر کارەبا کەمدەبێتەوە، بە هۆی ئەوەی هاوڵاتیی دەقە بە دەقە دەزانێت چەندی کارەبا سەرفکردووە”.

لە ماوەی رابردوودا، پرۆژەی کارەبای پریپەید لە چوار پرۆژەی نیشتەجێبوونی (بەرزاییەکانی سلێمانی، بەرزاییەکانی قەیوان، پاشا سیتی، قەیوان سیتی) هەروەها عەلوەی سلێمانی جێبەجێکراوە و کارەباکەیان بووەتە 24 کاتژمێری.

 

بابەتی پێشتر

كاروان گەزنەیی: "حکومەت خەڵک دەکوژێت"

بابەتی دواتر

پەرلەمان پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاریی پەسەندکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share