وەزیری كۆچی عێراق هۆكارەكانی هەڵپەساردنی گەڕاندنەوەی عێراقییەكانی كامپی هۆل ئاشكرادەكات.
ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەربارەی بڕیاری هەڵپەساردنی گەڕاندنەوەی عێراقییەكان لەناو كامپەكەوە رایگەیاند، وەزارەتەكەی بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە تا ئەوكاتەی شێوازێكی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەیان دەدۆزێتەوە، لەگەڵ ئامادەسازیی دۆخی گونجاو و دابەشكردنی ئەركەكان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەریەك بەپێی تایبەتمەندیی خۆی.
ئەو وتانەی وەزیری كۆچ لەمیانەی میوانداریكردنیدا بوو لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئیڤان فایەق دووپاتیشیكردەوە، پرۆسەی وردبینیی ئەمنیی عێراقییە ئاوارەبووەكان تەنها لەڕێی دامودەزگا ئەمنییەكانەوە دەبێت.
كامپی هۆل دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان و لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، كامپەكە ژن و منداڵەكانی خێزانی چەكدارانی داعش و ژمارەیەك لە ئاوارە عێراقی و سورییەكان لەخۆدەگرێت.