لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە، هێزێكی زۆری ئەمنی لە هەولێر بڵاوكراونەتەوە و بەپێی زانیارییەكان، بۆ رێگریكردنە لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆ و پەیمانگەكان.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر گواستییەوە، هێزێكی زۆر لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێر بڵاوبوونەتەوە كە لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی دیكە پێكهاتوون.
لەو بارەیەوە نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی قسەی بۆ ئێستا كرد و وتی، “بڵاوبوونەوەی هێزەكە بۆ رێگریكردنە لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندكارانی ناڕازی كە داوای ماف و دەرماڵەكانیان دەكەن”.
بەپێی زانیارییەكانی ئێستا، بڕیارە خۆپیشاندان لە شوێنێكی دیكە ئەنجامبدرێت و نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی جەختیكردەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكانەوە ناتوانن خۆپیشاندان لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بكەن.