جموجوڵەكانی داعش، پێشمەرگە و سوپای عێراق لەیەك نزیكدەكاتەوە

بڕیاردرا سەنتەرە هاوبەشەكانی هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەخێرایی كارابكرێنەوە

بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، بەمنزیکانە شاندێکی سەربازی بەغداد، بۆ كاراكردنەوەی سەنتەرەكانی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی هەرێم دەكات، هەوڵەكان پاش هێرشەكەی پردێ چڕكراونەتەوە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق تاوتوێی كاراكردنەوەی سەنتەرەكانی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە كەركوك، موسڵ، دیالە و مەخمور كرا، كە پێشتر بەهۆی بوونی تێبینی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە كارەكانی ڕاگیرابوون”.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، سەنتەرە هاوبەشەكانی هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەخێرایی كارابكرێنەوە و سەرۆک وەزیرانیش لیژنە تایبەتمەندەکانی ڕاسپارد کارەکانیان لەو بارەیەوە دەستپێبکەن و بەمنزیكانەش شاندێك بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە پێشیوایە، كاراكردنەوەی ئەو سەنتەرانە هۆكارێك دەبێت، بۆ دروستبوونی هەماهەنگیەكی باش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، گرنگیشە بەخێرایی چالاك بكرێنەوە، بەهۆی زیادبوونی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە.

دەربارەی هێرشەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پردێ-ش لیوا شێخ قارەمان جەختی لەوەكردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەبارەی هۆكاری ڕووداوەكە و لایەنی كەمتەرخەم پێكهێناوە و، بەمنزیكانە ئەنجامەكەی دەخاتەڕوو.

دوێنێ كۆبوونەوەیەك بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەكانی بەرگری دارایی و ناوخۆی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

دەربارەی ناوەرۆكەكەشی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووە، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هەڕەشە جدییانەی داعش، کە لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو.

بابەتی پێشتر

هۆكاری دواكەوتنی ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاری سلێمانی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار زیاتر دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی و…
Total
0
Share