دیداری كۆمپانیاكانی ژاپۆن و هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو

دیداری ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی ژاپۆن و هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو و ژمارەیەك هەلی كاری هاوبەش خرانەڕوو.

دیدارەكە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵیی خۆی بۆ زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ژاپۆن دەربڕی، بەتایبەتی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی جایكا و وتی، “ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە كە هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەبارە بۆ كاركردن”.

ئەوەشی خستەڕوو، كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن، بۆ بونیادنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان، هەموو پشتیوانییەكیان لە بوارەكانی راوێژكاری، ماستەرپلان، پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و چارەسەری ئاوی قورس لە چەند شارێكی كوردستان، مۆزەخانەی سلێمانی و چەندین بواری دیكە دەربڕیوە.

دیدارەكە بە هەماهەنگی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ئاژانسی جێترۆی ژاپۆنی و ئامادەبوونی ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، نوێنەری تەواوی وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و ژمارەیەك لە كۆمپانیای ناوخۆییش لە دیدارەكەدا ئامادەبوون.

ساسان عەونی روونیكردەوە، ئەمە سێیەم دیدارە لە ماوەی دوو ساڵدا كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نێوان كۆمپانیاكانی وڵاتی ژاپۆن و كۆمپانیاكانی كوردستان رێكیدەخات.

لە ماوەی رابردوودا بە شێوەی ئۆنلاین ئەم دیدارە سازكرا و زیاتر لە 80 كۆمپانیای وڵاتی ژاپۆن بەشداربوون.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق دەستیلەکارکێشایەوە و شوێنگرەوەشی دیاریکرا

بابەتی دواتر

تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان: چاوەڕێدەکەین دادگای پێداچوونەوە هەڵەکانی دادگای تاوانی هەولێر راستبکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share