تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان: چاوەڕێدەکەین دادگای پێداچوونەوە هەڵەکانی دادگای تاوانی هەولێر راستبکاتەوە

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، سەر لە ئێمە و یاساش شێوێنراوە، چاوەڕێدەکەین دادگای پێداچوونەوە هەڵەکانی دادگای تاوانی هەولێر و دادگای کەتنی دەشتی هەولێر راستبکاتەوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەشدار حەسەن وتی، هیوادارین دادگای پێداچوونەوەی هەولێر جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی دادگای تاوانی سێی هەولێر و دادگای کەتنی دەشتی هەولێر بکەن، لەبەرئەوەی بڕیارەکانی ئەو دوو دادگایە سەرپێچیی یاسایە.

وتیشی، “ئەو ماددەیەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی پێگیراوە ئازادکردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە، ئێستا تیمێکی پارێزەرانمان لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر لە هەوڵی پێداچوونەوەی بڕیارەکانی ئەو دوو دادگایە دەکەن”.

سەرۆکی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوەکرد، کە پێشتر شیروان تەها لە بادینان کە بەهەمان ماددە دەستگیرکرابوو بە ئازادبوونی مەرجدار ئازادکراوە، بۆیە جەختدەکەینەوە کە دەبێت ئازادبوونی مەرجدار ئەمانیش بگرێتەوە.

وتیشی، هەروەها پێشتر بێریڤان ئەیوب لە دادگای هەولێر بە هەمان ماددە دەستگیرکراوە و بە شێوەی مەرجدار ئازادکراوە.

باسی لەوەکرد، “لە هەمان ئەو دادگایەی دەستگیرکراوانی شیلادزێ و بادینانی تێدان و ئازادیان ناکەن بەشێک لە دادوەران دەڵێن ئازادبوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە بەڵام بەشەکەی دیکە ڕێگەنادەن و دەڵێن، نایانگرێتەوە، لێرە سەر لە ئێمە شێوێنراوە و سەر لە یاساش شێوێنراوە”.

بەشدار حەسەن وتیشی، “داوادەکەین کە دادگای تەمیز بڕیاربدات بە ئازادکردنی مەرجدار بۆ دەستگیرکراوانی شیلادزێ، گەشبینین بەوەی کە سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و ئەندامانی دادگاکە ئەو هەڵەیە ڕاستدەکەنەوە کە کراون”.

سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییەکان وتی، بەگشتیی لە هەرێمی کوردستان بارودۆخی هەموو زیندانییەکان خراپە، بەتایبەتی زیندانییانی بادینان، هەرچەندە ئێستا کەمێک دۆخیان باشترە و وەک زیندانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بەڵام پێشتر وەکو دیل مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا.

بابەتی پێشتر

دیداری كۆمپانیاكانی ژاپۆن و هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو

بابەتی دواتر

بە بڕیاری دادگا حەمكۆ ئازادكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share