راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، ئامانج لە کۆبوونەوەکەی دوو رۆژی داهاتووی سەرۆکانی ئەمریکا و چین، هۆشداریدانە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور و ئەو تاقیکردنەوە مووشەکیانەی ئەنجامی دەدات.
جیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، “ئامانجی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جین بینگی هاوتا چینییەکەی پێدانی پەیامێکە لە بارەی تاقیکردنەوە مووشەکی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بایدن دەیەوێت بە بینگ بڵێ، لە بەرژەوەندی چیندایە گەر رێگری لە خواستەکانی کۆریای باکوور بکات، چونکە گەر هەر بەرەوپێشچوونێک لە بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە رووبدات پێگەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە بەهێزدەبێت”.
ئاشکراشی کرد، “ئەمریکا هیچ داوایەکی لە چین نییە، بەڵکو تەنها بایدن بۆچوونی خۆی پێڕادەگەیەنێت، ئەمەش لەو روانگەیەوەیە کە کۆریای باکوور تەنها هەڕەشە نییە بۆ کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمریکا، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ناوچەکە”.
بڕیارە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکانی ئەمریکا و چین رۆژی دووشەممە لە دوورگەی بالیی ئیندۆنیزیا بەڕێوەبچێت.