قوباد تاڵەبانی سەردانی یەكێتیی ژنان دەكات و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا پێویستە كار و چالاكییەكانیش گۆڕانكارییان تیادا بكرێت.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ لە سلێمانی سەردانی یەکێتیی ژنانی کوردستانی کرد و لەلایەن کافیە سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ژنان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سکرتاریەتەوە پێشوازی لێکرا.
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی یادی (33) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی لێکردن، هیوای بۆ خواستن کە بە گڕوتینەوە گۆڕانکاری لە کار و چالاکییەکانیان بکەن و بەردەوامی بدەن بەو مێژووە پڕ سەروەریەی لە رابردوو هەیانبووە.
ئاماژەی بەوەشدا کە؛ “شێوازی خەبات لەئێستا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا جیاوازە لەگەڵ رابردوودا، پێویستە شێوازی کار و چالاکیەکانیش لەگەڵ هەلومەرج و ئەم قۆناغەی ئێستادا گۆڕانکاری تیادا بکرێت”.
هەروەها سوپاسی تایبەتی کافیە سلێمان-ی کرد بۆ تەرخانکردنی بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان و لە نێویدا بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.
قوباد تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو پشتیوانییەک لە پێناو بەردەوامی و گۆڕانکاری بەرەو پێشچوونی کارەکانیان.
لای خۆیەوە کافیە سلێمان سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد و سەردان و پشتیوانییەکانی بەرزنرخاند و جەختی کردەوە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرەوپێشچوونی کار و چالاکیەکانیان دەبێت لە داهاتوودا.