لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەرچی کۆدەبنەوە؟

لە کاتێکدا کە قەیرانی دارایی جارێکی دیکە بەرۆکی فەرمانبەران و هاوڵاتییانی هەرێمی گرتووەتەوە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای کۆبوونەوە دەکەن و ئەمڕۆش پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆدەبنەوە.

پێشتر بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، “یەکێتی بە پێویستی دەزانێت لایەنەکان لە ئاستی باڵا کۆببنەوە و بە ڕاشکاوی دەستبخەنە سەر برینەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دوانەکەوێت”.

بە وتەی هاوسەرۆکی یەکێتی ئەوان بە ڕاشکاوی لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا کێشە و چارەسەرییەکان دەخەنەڕوو.

دوای کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دوێنێ 5ی کانونی یەکەم عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ” له‌ كۆبونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانى تەئکید کرایەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و پارتی و رەوانەکردنی وەفدێکی باڵا بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان”.

ڕاشیگەیاند، “دەبێت لە یاسای بودجە پشکی هەرێم زامن بکرێت و هەرێمیش بڕیارێکی ئازایانە بدات لەپێناو خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بەم دڵەراوکێ و کێشانە، چونکە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هیچ چارەسەرێکی دیکە لە ئارادا نیە”.

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد هێشتا جێگیر نییە

دوای گەڕانەوەی شاندی هەرێم لە بەغداد شاندەکە ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە بەشی هەرێم لە بودجەی ساڵی داهاتوودا.

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد تەنها لە ڕوی هونەرییەوەیە و هێشتا جێگیر نییە، چونکە پڕۆژەیاساکە دەبرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێش کورد دەبێت پارێزگاری لە بەندی ڕێککەوتنەکە بکات لەناو پڕۆژە یاساکەدا.

چاوەڕێدەکرێت کۆبوونەوەی لایەنەسیاسییەکانی هەرێم بەشێکی پەیوەستبێت بەم پرسەوە، چونکە ئەگەر کورد لە بەغداد هاودەنگ نەبێت، ئەوا بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا هەرێم پێی ڕازییە، لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستکاری دەکرێت، ئەگەرچی یاساش هەیە بەبێ کورد تێپەڕێندراوە وەک یاسای “پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی”.

بابەتی پێشتر

بەهۆی سوارێزەوە دادگای پیرۆجیا لێکۆڵینەوە لە یوڤانتۆس دەکات

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی موچەی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمشەو شەوی بەراتە

وتەبێژی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ئەمشەو شەوی بەراتە و ئێوارەی 21 ی ئەم مانگەش بڕیار لە بارەی دەستپێکی مانگی…
Total
0
Share