پارتی كۆنگرەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی داهاتووی ئەنجامدەدات

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 3ی تشرینی دووەم پارتی كۆنگرەی چواردەهەمینی خۆی ئەنجامبدات، ئەو كۆنگرەیەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویست بوو لە ساڵی 2014دا ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسایەی ترس لە زیادبوونی ناكۆكی و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكان، دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ دواجار بڕیاری ئەنجامدانی درا.

بە رای چاودێرانی سیاسی ئەم کۆنگرەیە بە گرنگترین کۆنگرەی مێژووی پارتی دادەنرێت، چونکە دەبێت باڵانسی هێز و دەسەڵاتی پاش سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی بە سەرپەرشتيی راستەوخۆی خودی بارزانی یەكلابكرێتەوە. ئەم کۆنگرە یەکلاییکەرەوەیە، ھەر لە سەرەتادا بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی لق و ناوچەكاندا، نیشاندەری پێشوەختەی ئەوەن، کە دەویسترێت کۆنگرە لە بەرژەوەندیی لایەك بەسەر لاكەی دیكەدا یەکلایی بکرێتەوە.

كۆنگرەی ئەمجارە ھەر زوو پشتی کردۆتە دروشمی دیموکراتی بوون. ھەر لە مانگی ئابەوە دوای دەستپێكردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە لە ئۆرگانەكانی حزبەكەوە، هاواری بەشێکی زۆر لە کاندیدانی هەڵبژاردنەکان بەهۆی دوورخستنەوەیان لە کاندیدبوون یان دەرنەچوونیان بیسترا و كار گەیشتە ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رەخنەی توندیان ئاراستەی سەرکردایەتیی حزبەکەیان‌ و لیژنەکانی هەڵبژاردن کرد.

نوره‌دین بەشارەتی، كارگێڕی لقی 12ى پارتی‌ لە نامەیەکی کراوەدا بۆ مه‌سعود بارزانی‌ و نێچیرڤان بارزانی‌ و مه‌سرور بارزانی بە ئاشکرا باس لە دەستوەردانی سەربازی دەکات‌ و دەڵێت، “بە بڕیارێك و میزاجی شەخسی، بەبێ ئەوەی ناویان لە داتابەیسدا هەبێت، بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، (19) هەڤاڵی دەزگای پاراستن داخڵی هۆڵی دەنگدان كران و دەنگیان پێدرا”.

ئەو بەرپرسەی پارتی هەڵبژاردنی لقەكە بە “فەزاحەت” ناودەبات و نیگەرانی خۆیشی دەردەبڕێت بەوەی بە نامەی كراوە “دەردە دڵی” خۆی دەكات چونكە پێیوانییە “بەهیچ شێوازێكی حزبی” بتوانێت پەیامەكەی بگەیەنێت.

حەمەئەمین مەحمود بەگ، یەكێكی دیكە لە كارگێڕانی پارتی لە فەیسبوكی خۆیەوە نووسی، دەستوەردانی تەواو هەبووە لە هەڵبژاردنەکەدا و “هەر کاندیدێک بە دڵی ئاراستەیەک نەبووبێت، نەیانهێشتووە دەربچێت”.

(سەید محەمەد تاوەگۆزی، حاکم فاروق، سەرخێڵ لالە ئەنوەر، خەلیفە یونس و کامەران شەهید سابیر) کارگێرانی لقی 14، بەشێكی دیكەن لەو كادیرانەی لە راگەیەندراوێكدا جەخت لەسەر ساختەکاری و دەستوەردان دەکەنەوە و دەڵێن، بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان هەیە.

ئەو ناڕەزایەتییانەی لە یەكەم رۆژەكانی هەڵبژاردنەوە دەستیانپێكرد، تا چەند رۆژی رابردووی بەر لە ئەنجامدانی كۆنگرە بەردەوامییان هەبوو.

لە 25ی ئەم مانگەدا 13 كادری سنووری لقی 11 لە رانیە، بنگرد و ناوچەكانی دەوروبەری لە یاداشتێكدا دەڵێن، تەزویر و خروقاتی حاشاهەڵنەگر كراوە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە “وەڵاممان نەدرێتەوە بە بەڵگەوە هەموو ساختەكارییەكان بڵاودەكەینەوە”.

دەشڵێن، “سكاڵامان تۆماركردووە لای لیژنەی یاسایی، دادوەرانی بەڕێز بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیان داوە، بەڵام لیژنەی هەڵبژاردنی كۆنگرە بڕیاری لیژنەی یاساییان بەلاڕێدا بردووە”.

یەكێك لەو كادرە ناڕازییانەی واژووی یاداشتەكەی كردووە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پەیامەكەمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دەربارەی روودانی خروقاتە بڵاوكردەوە و دەمانەوێت وەك خۆی بگات”.

ئەوەشی وت، “چاوەڕوانی ئەنجامین، بە پێچەوانەوە بڕیارمانوایە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەواوی راستییەكان و دەستێوەردانەكان بخەینەڕوو”.

لەسەروو ئەوانەشەوە لە چەند رۆژی ڕابردوو لیستێکی سەد کەسیی تایبەتی (مەسعود بارزانی) بڵاوکرایەوە گوایە جگە لەوان كەسی دیکە مافی نییە خۆی کاندیدبکات. هەنگاوێك كە تەواو پێچەوانەی چەمکی دیموکراسییە لە نێو کایەی ھەڵبژاردنی حیزبێک کە بە (دیموکرات) بانگەشە بۆ خۆی بکات.

لە نێو ئەو لیستەدا ژمارەیەک کادری ھەڵگەڕاوەی حیزبەکانی تێدایە کە لە پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا خۆیان بە کاندیدی بارزانی ناساندووە لەوانە، رێباز حەملان، عارف روشدی، مەسعود حەیدەر، محەمەد حاجی و نەزاكەت حسێن.

لەگەڵیاندا ژمارەیەک نەوەی سەرکردە دێرینەکانی پارتی وەک کاندیدی بارزانی دیاریکراون لەوانە، لیزە فەلەکەدین کاکەیی، ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی، ئاری ھەرسین، زاگرۆس فەتاح ئاغا، سەنگەر کانەبی گەورە، کە ھەندێک لەو سەركردانە بە شێوەیەکی تەمومژاوی و گوماناوی (تیرۆرکراون، یان مردون)!!

ئەوەی جیاوازە لە ئامادەكارییەكانی ئەم كۆنگرەیەدا، ئاستی ناڕەزایەتییەكان بەجۆرێكە كادیران ئەژمارەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، راگەیەندراوی فەرمی و هاوبەشییان لەسەر بڵاوكردووەتەوە، لەكاتێكدا پابەندبوون و وەلا بۆ بڕیارەكانی سەركردایەتیی پارتی و دەرنەبڕینی ناڕەزایەتی سیما دیارەكانی ئەو حزبەیە كە زیاتر بە حزبێكی شمولی دەناسرێت وەك ئەوەی دیموكراتی بێت كە لە ناوە سیانییەكەی و دروشمەكانیشیدا جێیكراوەتەوە.

ئەمەش نیشاندەری ئەو راستییەیە كە هەوڵی باڵەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پارتی چووەتە قۆناغی یەكلاكەرەوەوە و كۆنگرەی 14 وێستگەی پێشبڕكێیە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆكی ئێستا.

شرۆڤەکاری سیاسی سەردار عەزیز، لە وتارێكدا كە بۆ دەزگایەكی ئیماراتی نووسیویەتی دەڵێت، دوایین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەوە دەکرێت کە بۆچی لەوکاتەوە هیچ كۆنگرەیەك نەکراوە، بیانووی شەڕی دژی داعش و هەلومەرجی دوای ریفراندۆم و کۆڤید-19 هەرچۆنێک بێت، پارتی کێشەی دیکەی هەبووە، دیارترینیش لە ناویدا ململانێی بووە بۆ سەركردایەتی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا. دەشڵێت، “لە 76 ساڵدا پارتی تەنیا دوو سەرۆکی هەبووە، باوکی دامەزرێنەر و کوڕەکەی. رەخنەگرانی ناوخۆش کۆنگرەکە بە کۆنگرەی مۆری لاستیکی ناودەبەن”.

سەردار عەزیز لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باس لەوەدەكات، پرسی جێنشین پرسێكە بە ئاسانی لەبیرناكرێت، هیچ چاودێرێکی هەرێمی کوردستان گرفتێکی نییە بۆ خوێندنەوە لەنێوان هێڵەکان بۆ تێگەیشتن لە هیوا و نیازەکانی هەردوو ئامۆزا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ سەرکردایەتیكردنی حیزبەکە و دەڵێت، “ئەو دوو ئامۆزایە پێشبڕکێ دەکەن بۆ جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی” و روونیشیدەكاتەوە، “گرژی و باڵباڵێن لە نێوان ئەو دوو لایەندا بۆتە بابەتێکی گشتی، ئەم کێشەیە زۆر جدیترە”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی دهۆك-یش وەك شوێنی ئەنجامدانی كۆنگرەكە ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای بوونی ئەندامێکی زۆر پارتی لەو شارەدا، بەڵام رێژەی بێهوابوون لە پارتەکەدا زۆر بەرزە، ئەندامەکانی پەرۆشییان لەدەستداوە. لە کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەماندا جەمال کۆچەر کاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی زۆرترین دەنگی لە ناوچەکەدا بەدەستهێنا.

هەر سەبارەت بەو كۆنگرەیە مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی دەڵێت، “کۆنگرەی پارتی کۆنگرەیەکی رۆتینی دەبێت، هیچ یەک لە بڕیارەکانی کاری پێناکرێت”.

ئەو چاودێرە سەرەڕای ئەوەی پارتی بە “بەڵایەكی زۆر گەورە” ناودەبات، جەختدەكاتەوە كە “کۆنگرەی پارتی، قۆناغێکە زیاتر بەرجەستەی گەندەڵکاری و پتەوکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەییە” ئاماژە بەوەشدەكات، کۆنگرەی پارتی رۆتینی دەبێت، گۆرانیبێژێک دەهێنن و دەیکەن بە حەفلە.

“بوونی دوو باڵیی و دوو بیرکردنەوە لەناو حزبدا شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام لەناو پارتیدا ئەم شتە بە هەڕەشە و مەترسی دادەنرێت بۆیە رێگەی پێنادرێت” وەك ئەوەی كاوە شێخ عەبدوڵا نووسەر و رۆژنامەنووس لە وتارێكدا ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، “کۆنگرەی چواردەی پارتی نەخشێکی گرنگی دەبێ لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا. باڵی مەسروور بارزانی کە باڵی ئیستخباراتیی و عەسکەریی پارتییە، وەکچۆن دامەزراوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیان کۆنترۆڵکرد، ئەوێش کۆنترۆڵ دەکەن. ئەم باڵەیش لە بڕیاردانا حساب بۆ هیچ هاوسەنگییەکی ناوخۆیی ناکەن”.

ئەوەی لێرەدا پرسیارە گرنگەکەیە ئەوەیە، ئایا ئەم کۆنگرەیەش وەکو کۆنگرەی پێشوو سپاردنی كێشە ناوخۆییەكانی تایبەت بە سەرۆكایەتیكردنە بە ئایندە، یان دەكرێتە هەلی چەسپاندنی پێگەی لایەك لەسەر حسابی بەرژەوەندیی لایەكەی دیكە؟

بابەتی پێشتر

پەیامێك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە

بابەتی دواتر

لە مانگی ڕابردوودا 911 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری لە سلێمانی لەدایكبوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share