“بەڕێبازی مام گەیشتنە دەسەڵات، بەڵام بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش هی مامن”

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان كۆبووەتەوە و هۆكارەكانی هەنگاو و چاكسازییەكانی ئەمدواییەی بۆ ڕوونكردوونەتەوە، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكە و هەنگاوەكانی نراون دەڵێت، “ئێستا یەكێتی لە دەستێكی ئەمیندایە”.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باڵانبۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، باسی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کارەکان لەلایەن تیمی یەکێتییەوە لە پەرلەمان و حکومەت كران”.

پەرلەمانتارەكە نەیشاردەوە، “سەرەڕای ئەوەی قوباد تاڵەبانی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە حکومەت و یەکێتی دایناوە، بەڵام لەماوەی پێشوودا لەبری ئەوەی لەلایەن یەکێتییەوە پاڵپشتی بکرێت، لەناوخۆی یەکێتییەوە زۆربەی جار هەوڵدراوە لە پێگەی قوباد تاڵەبانی بدرێت”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی نەمانی متمانەشی بە یەكێك لە كێشە گەورەكان ناوبرد، بە تایبەت لە ئاستی باڵای یەكێتی، دەڵێت، “نەمانی متمانە گەیشتە ئاستی هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوە”، ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، كە خەڵكانێك تا گەیشتن بە پۆست، دەیانگوت “یەکێتییەکەی مام جەلال”، بەڵام پەرلەمانتارەكە دەڵێت، “بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش هی مام جەلالن، بۆ یەکێتییەکەی مامیان دەوێت و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییان ناوێت؟”.

یەکێکی دیکە لە پرسەکانی کۆبوونەوەکە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکاندا بووە، كە بەشیكی گرنگی هەنگاوە چاكسازییەكانی ئەم دواییە بوون، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ کەمبوونەوەی قاچاخچێتی لە دەروازەکان دا، وتی، “قاجاخچێتی و بەهەدەردانی داهاتی دەروازەکان کەمکراونەتەوە، باسیشمان لە گەیاندنی بە ئاستی سفر کرد، لەگەڵ ئەو هەنگاوانەشدا بەدڵنیاییەوە ئاستی داهات بەرزدەبێتەوە، دووپاتكرایەوە كە دەبێت یەکێتی خزمەتی هەموو هاوڵاتییان بکات و بەهەدەردان لە داهاتدا بنبڕبکات”.

پەرلەمانتارەكە ڕەخنەشی لە شێوازی بەكارهێنانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكان گرت لە پێشوودا، وتی، “تەنانەت ئەندامانی یەکێتی نەیاندەتوانی بە ئازادی قسە لەگەڵ کەسوکار و خێزانی خۆیان بکەن، پێشتر بەجۆرێک کاریانپێکراوە خەڵکی پێبترسێنرێت، بەڵام ئێستا ئەو هێزانە بۆ ئارامی و ئاسایشی خەڵک کاریان پێدەکرێت”، بۆیە پەرلەمانتارەكە وتی، “هەنگاوەکان باشتر دەبن یەکێتی ئێستا لە دەستێکی ئەمیندایە”.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە ناشەفافیەت و بەهەدەردانەكانی ناو یەكێتی كراوە، باڵانبۆ محەمەد وتی، “ناشەفافییەت لە خەرجکردنی دارایی و ناعەدالەتی هەبووە، کە سەرەڕای بوونی مەڵبەند و کۆمیتەکانی یەکێتی، کەسی دیکە لە دەرەوەی ئەمانە دانرابوون و خەرجكردنی پارەی بەدەستبووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەرجکردنەکە بۆ بەرژەوەندیی شەخس بوو، نەک بەرژەوەندیی حزب، لەکاتێکدا پارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو”، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئەو دۆخەی بە كێشەی گەورە ناوبرد كە پێشتر هەبوون و ئێستا كار بۆ چارەسەركردنیان دەكرێت.

بابەتی پێشتر

کۆمپیوتەرێکی زیرەک براوەی لالیگای 2021-2022 دیاریدەکات

بابەتی دواتر

گەیشتە ڕوسیا و كەنەداش.. دارستانەكانی جیهان لەبەردەم بڵێسەی ئاگردان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی گەشتی عومرە دابەزی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نرخی گەشتی عومرە دابەزیوە و نرخەكەی لە نێوان 475…
Total
0
Share