هەولێر.. پێشمەرگە دێرینەکان دژی خراپیی دۆخی ژیانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدا

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لە شاری هەولێر گردبوونەوەیان ئەنجامدا و بە ڕێپێوان چوونە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و داوای باشکردنی دۆخی ژیانیان دەکەن.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە داوای زیادکردنی مووچەکانیان و سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی دەکەن، بەوتەی ئەوان “سەدان کەس لەسەر ناوی پێشمەرگەی دێرین مووچەی لەئەوان زیاتر وەردەگرن کە پێشتر دژی پێشمەرگە بوون و تەقەیان لە پیشمەرگە کردووە”.

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان داوا دەکەن ئەو کەسانەیان لێجیابکەنەوە و مافەکانیان وەک پێشمەرگەی دێرین پێبدرێت، مووجەیەکی دیاریکراویان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت.

یەکێک لەو پێشمەرگە دێرینانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە 18ی ئەیلولی 2020 پرۆژە یاسایەکمان بۆ ڕێزلێنانی پێشمەرگە دێرینەکان پێشکەش بە پەرلەمان کرد، تائێستا تەنانەت خوێندنەوەیان بۆ نەکردووە، ئەمڕۆ ئەڕۆین جەختدەکەینەوە لەو پرۆژە یاسایە دەکەینەوە و دەبێت پەسەندبکرێت”.

لەکاتی چوونی پێشمەرگە دێرینەکان بۆناو پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و پیسمەرگە دێرینەکان داوای بینینی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی دەکەن، عەلی حەمە سالح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێیراگەیاندن، پرۆژە یاسای زۆر گشتگیریان داوەتە پەرلەمان و نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەڵام لەوێ ڕەزامەندیی لەسەر نادرێت.

بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح، داهاتێکی زۆری ئەم وڵاتە بۆ لیوا و عەقید و کەسی ناموستەحەق بەناوی پێسمەرگەی دێرینەوە دەڕوات، بەبێ ئەوەی شایستەبن، تاوەکو مووچەی ئەم کەسانە نەبڕن چارەسەر نابێت.

سەبارەت بەو پرۆژە یاسایەی کە پێشمەرگە دێرینەکان ئەمڕۆ داوای پەسەندکردنیان کرد عەلی حەمە ساڵح وتی، “ئەو پرۆژە یاسایە لەبەرئەوەی ڕەهەندی دارایی هەیە دەبێت ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر بدات، بەڵام ئەوان ڕەزامەندیی لەسەر نادەن”.

بابەتی پێشتر

كاریگەرییەكانی تویتەكەی نایف كوردستانی.. ڕەتكردنەوەی ڕێبەر ئەحمەدیش دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

دۆلار بە جێگیری مایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share