ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، هاوڵاتییەكی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان بە ناوی بەهمەن حەمید كە تەمەنی 28 ساڵە، لە كاتی شاخەوانیدا لە چیای بەرانانەوە كەوتەخوارەوە و قاچێكی شكا.
بەهۆی سەختیی شوێنەكەوە تا كەمێك لەمەوبەر نەتوانرابوو ئەو گەنجە دەربازبكرێت و تیمەكانی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان و تیمی تەندروستی لە هەوڵی دەربازكردنیدا بوون و فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ كردبوو.
لە نوێترین پێشهاتدا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر تیمەكانی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان، بەهمەن حەمیدیان دەربازكردووە و لەو شوێنەی گیریخواردبوو دەرهێنراوە.
پێشتر کەیوان ئەحمەد بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاندبوو، تیمەكانیان گەیشتوونەتە لای هاوڵاتییەكە و هەوڵی دەربازكردنی دەدەن، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەكەوە نەیانتوانیوە دەربازی بكەن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان جەختیكردبووەوە لەوەی “قائیمقامی دەربەندیخان داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە هێلیكۆپتەر رەوانەی شوێنەكە بكەن بەمەبەستی دەرهێنانی هاوڵاتییەكە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ پێیڕاگەیاندووە كە ناتوانن لە شەودا هێلیكۆپتەر بنێرن”.