لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كراوە، ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكردنی دانیشتنی تایبەت بە پێدانی متمانە بە كابینەی نوێ رەتدەكاتەوە و هۆكارەكەشی روونكردووەتەوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە رەزامەندیی جێگری سەرۆك وەزیران نەدرا لەسەر داواكارییەكەتان بۆ گرێدانی دانیشتنی پێدانی متمانە بە كابینەی حكومەت بەهۆی ئەوەی نووسراوەكە چەندین سەرپێچیی دەستووری و یاسایی تیایە.
هەروەك بەسێ خاڵ سەرپێچییەكانی نووسراوی داواكارییەكەی پێشتری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی دیاریكردووە كە یەكەمیان بەكارنەهێنانی زمانی كوردییە لە نوسراوەكەدا هاوشانی زمانی عەرەبی وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.
داواكارییەكە بەرنامەی كاری حكومەتی هاوپێچ نەكراوە، ئەمەش هۆكاری دووەمی رەتكردنەوەكەیە.
لە خاڵی سێیەمیشدا دەڵێت، دیاریكردنی وادەی دانیشتنەكان لە تایبەتمەندیی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانە و، دیاریكردنی وادەی دانیشتن لە نووسراوەكەدا پێچەوانەی پەیڕەوی پەرلەمانە.