وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك رێنمایی بە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان دەدات

وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزیری خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، دەبێت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە ئاستی زانستیی بەرز و ستانداردی ئەکادیمی ژینگەى خوێندن بڕەخسێنن.

ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا و رایگەیاند، چاوەڕوانیی وەزارەت و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بتوانن لەڕووی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان و سیستمی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن نمونەی سەرکەوتوو و ناوازە پیشکەش بکەن.

وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە پلانى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان و دەرفەتى یەکسان بۆ هەمووان کرد و وتى، لە ماوەی رابردوودا کاریانکردوە بۆ ئەوەى ریفۆرمى قوڵ لە سیستمى خوێندندا بکەن، بەشێکى ئەم پڕۆگرامانە پەیوەندیداربوون بە خوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بەشی دیکەى بریتی بووە لەوەى کە بەشى هەرە زۆری دەرچووانی ئامادەیی جێگەبکەنەوە و سوود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆکان وەربگرن، بۆ ئەوەی هەموو گەنجان دەرفەتیان هەبێت لەناو وڵاتی خۆیان خەونەکانیان بێتەدی و رێگەبگرین لە کۆچی بەلێشاوی هزر و توانا مرۆییەکان و چونە دەرەوە و بەهەدەردانی سەرمایەی نیشتیمانی.

کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەشێوەیەکى تایبەت بەشێکى دیکەى وتەکەى وەزیرى خوێندنى باڵای پێکهێنا، بۆ ئەوەش رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا 45%ی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و 10٪ تا 25٪ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان داشکێنرا، بەڵام هێشتا زانکۆ تایبەتەکان دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی تایبەتەوە هاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان.

وتیشى، “دەبێت هەوڵبدەین زانکۆکانمان ببنە باشترین زانکۆکان لە سەرتاسەرى جیهان و لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تەنانەت عێراقیش، بۆ ئەوەى بتوانین بەشدارى راستەقینە لە بەرهەمهێنانى توانا مرۆییەکانى وڵاتەکەمان بکەین”.

وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیشیكردەوە، پرۆسەی خوێندن دەبێت رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوریی کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە و باشتر دەرچووان ئامادەبکەین بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن.

لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن بریکارى وەزارەت و ئامادەبووان و سەرۆکى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، چەندین پرسى پەیوەست بە لیژنەى سەردانکردنى پەیمانگە تایبەتەکان و کۆنمرەى وەرگرتن لە خوێندنى تایبەت و پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ و چەند بابەتێکى پەیوەست بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بابەتی پێشتر

سزایەكی سەر هاوڵاتییان كرا بە 10 ملیۆن دینار

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران داواكەی سودانی بۆ دانیشتنی پێدانی متمانە رەتكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەم شەقامەی سلێمانی دادەخرێت

بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هاوینەی سلێمانی لەبەردەرکی سەرا، شەقامی پیرەمێرد تەنها بە ئاڕاستەی شەقامی گۆران (ئۆرزدی) كراوە دەبێت و…
Total
0
Share