پەرلەمانتارێک: ئەو نەوتەی بەغداد دەینێرێت نرخەکەی 500 دینارە بۆ هەر لیترێک

بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو نەوتەی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت ڕایگەیاند، نرخەکەی بۆ هەر لیترێک کەمترە لە 500 دینار، بۆیە هەر لایەنێک بەمەبەست نرخی گرانتر دەڵێت ئامانجیان هێشتنەوەی نرخی نەوتە بە بەرزی.

بڕیار ڕەشید ڕایگەیاند، “نرخی ئەو نـەوتەی لە بەغداوە دەنێردرێت بۆهەرێم کەمترە لە 500 دینار و هەوڵی هەرزانکردنی زیاتری دەدەین، هەر لایەنێک بێ ئاگایانە یان بەمەبەست نرخی زیاتر دەڵێت و وەکو مژدانە دەیدات بە گوێی هاوڵاتییاندا  گومان دەکەین  ئامانجیان گران هێشتنەوەی نرخی نەوتە لەبازاڕ و قازانجی کەسییان لەوەدایە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای ئەوەی بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو بە نووسراوی فەرمی و وێنە نووسراوەکان  قسەمان لەسەر ناردنی نەوت کردووە لە بەغداد و دوای نزیک بوونەوەی لە ئەنجام سەرەڕای بەربەستەکان، پاش شەش مانگ لە بەرواری 9/10/2020 نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم نووسراوێکی ئاڕاسەتەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە پرسیاری بڕ و نرخەکەی لەکۆمپانیاکە کردووە”.

دکتۆر بڕیار ڕەشید دەڵێت، “کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەرواری 16/10/2022 بێ گەرانەوە بۆ کۆبونەوەی لیژنەکانی وەزارەتی نەوت وەڵامی داوەتەوە لە بڕ و نرخەکەی کە نووسراوە نرخەکە بۆ هەر لیترێک بە750 دینارە، ئەمەش ڕاست نییە بەڵکو وەزارەت خۆیان دەڵێن 500 دینار بێت”.

ئاشکرایکردووە، “ئێمە ئەم نووسراوەمان لە بەرواری 18/10/2022 واتە سێ شەممەی ڕابردوو بە دەست گەیشت، ڕاستەخۆ  پەیوەندیمان بە وەزارەتی نەوت کرد پێمان وترا کە ئەمە بێ کۆبونەوەی لیژنەی وەزارەت نێردراوە و نرخەکەی لیژنەی وەزاری بۆ هاوڵاتییان  بە 500 دینار دیاریکردوە”.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “بەڵام دیارە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دڵخۆشبوون بەو نوسراوە و بەو نرخەی کە ئەسڵەن ڕاست نییە، بۆیە کەوتنە لێدواندان کە بغداد بە چ نرخێک نەوت بنێرێت بەو نرخە دابەشیدەکەن بەسەر هاوڵاتییاندا واتە 150 هەزار بۆ هەر بەرمیلێک جگە لە گواستنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “لەهەمان کاتدا دوای هەفتەیەک لە گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەت و دوای ئەوەی ئەسڵەن بابەتێک نەماوە بە ناوی 750 دینار/ لیتر، بەڵکو مناقشەکەی ئێمە لەسەر داخوازیمان بۆ 150 دینارە و وەزارەت بۆ 500 دینارە، دەبینین دووبارە بابەتی 750 دینار بۆ لیتر گەرمکراوەتەوە  و وێنەی ئەو نووسراوەی کە هەفتەیەکە لامانە و پرسەکە چارەسەر کراوە، دووبارە دادەنرێتەوە و خەڵکی دەخەنەوە دڵەڕاوکێ کە گوماندەکەین ئەم هەوڵانە بەمەبەست بێت بۆ هێشتنەوەی گرانی نرخی نـەوت لەبازاڕ و گەڕاندنەوەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ سەرەتا و بۆ ئەو نرخەی ئەم بەڕێزانە باسی دەکـەن”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامی سلێمانی: هەر هۆتێلێك ڕێگا بە مانەوەی منداڵانی ئیشكەر و دەرۆزەكەر بدات دادەخرێت

بابەتی دواتر

لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان چێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share