سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داوامانكردووە كەمترین مووچەی خانەنشینيی هێزەكانی ناوخۆ بەپێی ئەو پڕۆژەیاسای تایبەت بە خانەنشینكردنی هێزەكانی ناوخۆ و ئامادەكراوە 400 هەزار دینار بێت و جەختیشدەكاتەوە، “كاردەكەین ئەو كەسانەی پێشتریش خانەنشین بوون سوودمەندببن”.
شاخەوان ڕەئوف سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ناكرێت كارمەندێكی هێزەكانی ناوخۆ دوای 25 ساڵ خزمەت بە 240 هەزار دینار خانەنشین بكرێت، بۆیە داوامانكردووە پڕۆژەیاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەی پێشتر خانەنشین بوون سوودمەندن لەو پڕۆژەیاسای ئامادەدەكرێت و لە پەرلەمانی كوردستان پەسەنددەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمان جەختیكردەوە، “دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان داوامان لە حكومەت كردووە پڕۆژەیاساكە بنێرێتە پەرلەمان تا لە لیژنەی پەیوەندیدار سەرنج و تێبنییەكان بخرێنەڕوو و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت و لە بەرژەوەندیی هێزەكانی ناوخۆ پەسەند بكرێت”.
ئاشكراشیكرد، “لە پڕۆژەیاساكەدا داوامانكردووە كەمترین مووچەی خانەنشینيی هێزەكانی ناوخۆ 400 هەزار دیناربێت بە جۆرێك كە ئەوانەی پێشتریش خانەنشین بوون سوودمەندببن”.