ژمارەیەک لە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایانکردووە ئەنجومەنەکە لە بارەی دیارنەمانی زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار کۆببێتەوە.
کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “تا ئێستا 82 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بارەی دیارنەمانی ئەو بڕە پارە خەیاڵییەی لە عێراق دیارنەماوە و ماوەی چەند رۆژێکە هەرای ناوەتەوە، هاوکات ئەو پارانەی بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنان لە عێراق بەهەدەردراون کۆببێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ئێستادا چاوەڕێ دەکەین ژمارەی واژۆکان زیاتر ببن و پاشان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، بۆ ئەوەی بەرواری دانیشتن دیاری بکرێت و دەست بە لێکۆڵینەوەکان بکرێت”.
ئاشکراشی کرد، “عێراق پارەیەکی خەیاڵی هەیە بە تایبەت لە دوای ئەوەی نرخی نەوت بەرزبووەوە بە دڵنیاییەوە ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە بکات رەنگە کۆمەڵێک کەسی زۆر لەو دۆسیەوە تێوەبگلێن”.