کەسوکاری شێروان شێروانی: کوڕەکەمان براوە و بێسەروشوێنە

بنەماڵەی شێروان شێروانی کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان لە چاکسازیی گەورانی هەولێر، رایانگەیاند، لە دوێنێوە لەلایەن ئیدارەی چاکسازییەکەوە براوە و نازانرێت لەکوێیە، کەسوکار و پارێزەرەکەشی هیچ هەواڵێکیان لێی نییە.

بارزان شێروانی برای شێروان شێروانی لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە کاتژمێر 7:00ی دوێنێ ئێوارەوە شێروان لە زیندانییەکانی هاوڕێی جیاکراوەتەوە و براوە نازانین بۆ کوێ براوە و هیچ هەواڵێکی نییە”.

بەپێی وتەی براکەی، ئەوان وای بۆدەچن کە کوڕەکەیان یان برابێتە زیندانی تاکە کەسی یان سزای بدەن لەسەر تۆمەتێکی هەڵبەستراو کە خۆیان دروستی دەکەن.

سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی شێروان شێروانی، براکەی وتی، “زۆر پەیوەندیمان بە ئیدارەی چاکسازییەکەوە کردووە زۆر هەوڵمانداوە چ خۆمان چ لەڕێگەی پارێزەرەکانەوە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە و نازانرێت لەکوێیە هاوڕێ زیندانیەکانیشی دەڵێن نەوتراوە بۆ کوێی دەبەن”.

ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان لە زیندان هەموو مافێکیان لێوەرگیراوەتەوە، تەنانەت ئەو مافانەی بەپێی ڕێنماییەکانی چاکسازییەکە هەموو زیندانییەک هەیەتی لە شێروان و هاوڕێکانی وەرگیراوەتەوە و بۆ هیچ شتێک وەڵامنادرێنەوە.

شێروان شێروانی و زیندانیانی دیکەی بادینان ماوەی زیندانیکردنەکەیان ئێستا تەواوبووە، بەڵام براکەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ڕێگری هەیە لە هەر هەوڵێکمان بۆ ئازادکردنیان و لە شوێنێکەوە هەوڵبدەین ڕێگریمان بۆ دروستدەکەن.

بابەتی پێشتر

ئەو کەسەی براکەی خۆی کوشت و هەڵات دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی دیارنەمانی زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share