راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات بزووتنەوەی تاڵیبان بە هەڵوێستەکانیدا بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل چووەتەوە و هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵی دەدات.
کەناڵی i24NEWS ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی ئەفغانی پێشوو کە بەشداری لە دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان کردبوو بڵاویکردووەتەوە، “لە قۆناغەکانی سەرەتادا هەمووان بە لایانەوە گرنگ بوو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە نهێنی بمێننەوە، بە ئامانجی ئەوەی ببینن کە ئەم دانوستانانە لە چەند ساڵێکی نزیکدا سەرکەوتوو دەبن یان نا، ئامانجی دروستکردنی ئەم پەیوەندییەش بەستنی رێکەوتنی دوو قۆڵی ئیسرائیل و ئەفغانستان بوو”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم هەڵوێستە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی تاڵیبان نییە، بەڵکو بۆچوونی چەند ئەندامێکی ناو بزووتنەوەکە بوو کە خۆیان لە 200 کەسدا دەبینییەوە لە ئاستی جیاوازدا”.
ئاشکراشی کرد، “بە بڕوای من بەهێزبوون و پاڵپشتیکردنی بزووتنەوەی تاڵیبان دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە لە ناویشیاندا ئیسرائیل دەخوازێت”.
هاوکات چالاکێکی ئیسرائیلی قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە و باسی لەوە کردووە، “دەوڵەتە ئیسلامییەکان لە پێناو بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆیان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل باشترکردووە و رێکەوتنیان لەگەڵ واژۆ کردووە”.