راگەیەندراوێك لە دەزگای دژەتیرۆرەوە

دەزگای دژەتیرۆر لەبارەی راگەیەندراوێكی ئەمشەوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تەواوی رووداوەكەی 7ی تشرین لە هەولێر بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کاردەکەن.

دەقی راگەیەندراوەكە:

دەزگای دژەتیرۆر بە توندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف.

دەزگای دژەتیرۆر ھێزێکی نیشتمانی، رێکخراو، فەرمی، حکومی، تایبەت و مەشقپێکراوی سەربازییە و رۆڵێکی مێژوویی بینیووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە سەرتاسەری عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت.

دژەتیرۆر رۆڵی بینیوە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش کە نەک تەنیا لە هەرێم جێگای شانازییە، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون و هاوکار و هەماهەنگی سەرەکی بوون لە سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆردا.

ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات.

ئێمە لە دەزگای دژەتیرۆر لەوە تێدەگەین خۆهەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتیمانی کە مێژووەکەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، کاری بەردەوامی ئەو دەزگا هەواڵگرییە کە ئێستا و لەم ساتەوەختە هەستیارەی کە عێراقی پێداتێدەپەڕێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان بەردەوام بۆ پەردەپۆشکردنی پەڵە رەشەکانیان دەست بۆ سیناریۆ و پلانی دوژمنکارانە دەبەن.

خۆ ئەگەر ئەمشەو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بکشاندایەتەوە ئایا ئەمشەو ئەو ڤیدیۆیە بڵاودەکرایەوە؟ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن کە باوەڕ بە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بکەن لە شەوی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ئێمە لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە:

1- تەواوی ئەو رووداوەی لە رێککەوتی (7ی تشرینی یەکەمی 2022) لە شاری هەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر کاردەکەن و بۆ جێبەجێکردنی مەرامە گڵاوەکانیان ئاڕاستەکراون. چەندینجار رامانگەیاندووە پێویستە پارتی و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە مەرامی ئەو گرووپە هەڵهاتووە لە یاسا ئاگاداربن کە ئێستا لە هەولێر نۆکەری بۆ وڵاتانی هەرێمی دەکەن.

2- ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن، کە دەبوایە بۆ رێزگرتن لە ئەنجومەنەکە و جوانترکردنی پیلانەکەیان، رێوشوێنی یاساییان بگرتایەبەر نەک بە شێوەیەکی چەتەگەری دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنەپاڵ. بەوپێیەی ئەو ئەنجومەنە سەر بە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانە، لەمەشدا پارتی دەزگا نیشتیمانییەکان بۆ پلانە گڵاوەکانیان بەکاردەهێنێت.

3- سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەینەوە و دڵنیاتان دەکەین خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە.

4- داواکارین بۆ یەکلاکردنەوەی سیناریۆکە، تیمێکی پسپۆڕی بێلایەن لە (هێزەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکێتیی ئەوروپا) لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.

5- بۆ ھەموو لایەکی رووندەکەینەوە دەزگای دژەتیرۆر وەک ھەمیشە لە سەنگەری پاراستنی خاکی کوردستان، سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری و ئاسایش و شکۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا رووبەڕووی هەر پیلانێک دەبینەوە کە ئارامی و سەقامگیری خەڵک بخاتە مەترسییەوە و داتاشینی سیناریۆی بێبنەما لەم ئەرکە پیرۆزە ساردمان ناکاتەوە.

6- بەڕێز بەڕێوبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر، تەواوی ئەو دانپێدانانە رەتدەکاتەوە و هیچ کاتێک پێویستی نەکردووە ئەفسەری هەواڵگری، بەڕێوبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر ببینن، تەنیا یەکجار و لە ساڵی رابردوودا دوای رووداوەکانی هەشتی تەمموز سەردانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆریان کردوە، سەر بە سەنتەری موسڵی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بوون و لەلایەن (عقید هاوکار) سەرپەرشتیکراون.

7- روونیشیدەکەینەوە دەزگای دژەتیرۆر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ھێزە بووە باوەڕی بە پاراستنی خاکی کوردستان و خەڵکەکەی هەبووە و هەرگیز خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزیووەتەوە. هەر کارێکیش لە چێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت بێترس و دوودڵی دەیکات.

مێژوومان ئەمەی سەلماندووە و رووبەڕوونەوەی چەکدارانی داعش سەلمێنەری ئەم راستییەیە. دووپاتیشیدەکەینەوە خوێنی هیچ پێشمەرگە و ئەفسەرێک ناگۆڕینەوە بە هیچ دەستکەوتێکی تایبەت. هیچ شتێک لە خوێنی رۆڵەکانمان بەبەهاتر نییە و لەهیچ کەسێکیش خۆشنابین یاری بە چارەنووسیانەوە بکات.

8- بە دڵنیاییەوە رایدەگەیەنین هەر هێز و گروپێکی لە یاسا دەرچوو بیەوێت شکۆی ئاسایشی هەرێم تێکبدات، بە گورزێکی نیشتمانییانەی کوردانە تێکیدەشکێنین. ئێمە داواکارین ئەو بارودۆخە بەپێی یاسا راستبکرێتەوە ئەگەرنا بەڕوونی دەڵێین (لەجێی سندان قوزەڵقورتە).

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر-CTG

بابەتی پێشتر

سەكۆی هەڵدانی كاتیۆشاكانی كێڵگەی كۆرمۆر دەستیبەسەرداگیرا

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا پشتیوانی یەكێتی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share