پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوە

شاندی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه،‌ له ‌كۆبوونه‌وه‌كەدا، “جه‌خت له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن كرایه‌وه”.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، ‌”ئه‌مڕۆ 25ی كانونی دووەم، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان كرد”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “له‌ كۆبوونه‌وە‌كەدا، گفتوگۆكرا له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسا په‌سەندكراوه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌ی چاكسازی و پرسی چاودێریی په‌رله‌مانی بۆ خێراتركردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه”.

ئاماژە بەوەشكراوە، له ‌ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگەیاندووە، “ئێمه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستان ته‌واوی هه‌وڵه‌كانمان له ‌پرسی چاودێری و به‌دواداچوونی كاری په‌رله‌مانی خستووەته‌گه‌ڕ، كه‌ دواجار به‌ قازانجی باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ كۆتایی بێت له ڕێگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌رله‌مان په‌سەندیكردوون”.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای به‌رچاوروونی كردووە له‌ پرسی جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازیی حكومه‌ت و پێداچوونه‌وه‌ی لیستی موچه ‌و یه‌كخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كاندا، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاشكراكراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لای خۆیەوە وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ڕایگەیاندووە، “له ‌پڕۆسه‌ی چاكسازیی وه‌زاره‌تی پێشمەرگەدا هه‌نگاوی باش چووینه‌ته‌ پێشه‌وه ‌و لەڕێگه‌ی پێنج لیژنه‌ی سه‌ره‌كییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی چاكسازی به‌ هاوكاریی هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سه‌رەڕای له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگه‌كان، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌دوا ده‌رئه‌نجامی چاكسازی، كه‌ دروستكردنی هێزێكی نیشتمانیی سه‌ربازیی سه‌رده‌مییانه‌یه”.

سەبارەت بە یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووە، “له‌ئێستادا ته‌واوی لیوا هاوبه‌شه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆژەیاسای چاكسازیی وه‌زاره‌ت به ‌هه‌ماهه‌نگی و ڕاوێژی ڕاسته‌وخۆی هاوپه‌یمانان لەڕووی ته‌شكیلات و میلاكاتی سه‌ربازی ڕێكخراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانیشه‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودا هاوكاریی مادی و لۆجیستی و سه‌ربازی ده‌كرێن”.

شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی وتووە، “قه‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌، كه‌وتووەته‌ سه‌ر ئاستی به‌رفراوانی پرۆسه‌ی چاكسازی له ‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا، یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانیش پێویستی به ‌ته‌وافوقی سیاسی هه‌یه ‌و لەڕێگه‌ی هاوپه‌یمانانیشه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گه‌یەندراوە، كه‌ ده‌بێت هه‌مووان له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا كۆببنه‌وه”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی بەرەو بەغداد بەڕێكەوت

بابەتی دواتر

حەداد: یاسای ژنە ئێزیدییە ڕزگاربووەكانی دەستی داعش دادەنێین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share