سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام ڕایدەگەیەنێت، ڕێزگرتن لە جیاوازییەكان و بەكلتووركردنی یەكترقبووڵكردن بە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانەوە، نیشانەی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و ئاشتیخوازە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) پیرۆزباییەكی گەرم لە موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان دەكەم.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی وت، “هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە هاندەرێكی گرنگ بێت بۆ قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان، پەرەپێدانی ڕۆحی لێبووردەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەكان”.
سەرۆكی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، ڕێزگرتن لە جیاوازییەكان و بەكەلتووركردنی یەكترقبووڵكردن بە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانەوە، نیشانەی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و ئاشتیخوازە. هیوادارم هەموومان لەو پێناوەدا خەبات بكەین و ئاشتی و برایەتی ئامانجی هەموولایەك بیت.