پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جگە لە پێكهێنانی حكومەت هیچ بەدیلێكی دیكە لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا نییە و جەختیشدەكاتەوە، “حكومەتی عێراق پێكبهێندرێت كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت”.
دیلان غەفور پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئیرادەیەك لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت هەیە و هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرسێك ئەنجامدەدرێت لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی هەبێت تا بتوانرێت یاسای بودجە ئامادەبكات و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكات.
ئاشكرایكرد، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت و دەتوانرێت داواكارییەكانی هەرێم بكرێتە مەرج بۆ بەشداریكردنی كورد لە حكومەت، چونكە لایەنی شیعەكان دەیانەوێت كورد لە حكومەت بەشداربێت و ئەگەر لەگەڵ كورد نەگەنە ڕێككەوتن پێكهێنانی حكومەت قورس دەبێت بۆیە دەبێت كورد كارنامەی سیاسیی خۆی ئامادەبكات تا بتوانرێت داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت.