وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی لە گفتوگۆدان بۆئەوەی زوتر لەو وادەیەی کە دانراوە ڤاکسینی کۆرۆنا ڕەوانەی عێراق بکرێت.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ 4ی کانونی یەکەم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەتوانێت ملیۆنان دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا بکڕێت، بەڵام سەرەتا دەبێت لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و نوێنەرانی عێراقەوە لە جیهان گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بکرێت”.
پێشتر بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرایکردبوو کە لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا 600 هەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و بە بەرنامەیەکی تۆکمە دابەشدەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی پێویستە وەریبگرن.
وەزیری تەندروستیی عێراق نەیشاردووەتەوە کە لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینیکای بەریتانی – سویدی گفتوگۆیان کردووە کە ڤاکسینەکەی ئەوانیش بگاتە عێراق.
حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ساڵی داهاتوودا نزیکەی لە ٪20 ی دانیشتوان بتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن کە دەگاتە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە عێراقدا، تا لەو ڕێگەیەوە کاریگەری و تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێرێت.
حکومەتی عێراق بە 170 ملیۆن دۆلار بەشداری لە بەرنامەیەکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا کردووە بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر ئەندامانی ئەو بەرنامەیە.